هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 15ـی 7ـی 2026، دەست پێ بکات و لە ڕۆژی شەممە، 18ـی 7ـی 2026، کۆتایی پێ بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی 7ـی 2026، وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی گەیشتنی تەمویلی مووچە کەوتە کۆتایی دەوامی فەرمییەوە، نەتوانرا پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق وەربگیرێت.
وەزارەتی دارایی ڕای گەیاند، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە، 14ـی 7ـی 2026، لە عێراق و هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام وەزارەت دەست بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارە و گواستنەوەی بۆ بانکەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات.
هەروەها سەرجەم بانک و گەنجینەکان لە ئامادەکاریی تەواودا دەبن بۆ ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، کاتژمێر 8ـی بەیانی، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بکرێت.