هەرێم نیوز
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەماهەنگییە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەرداگیراوی ڕادەستی دەستەی دەستپاکی عێراقی فیدراڵ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی 7ـی 2026، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە تاکو پێکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران و لێپرسینەوە لێیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ماوەی ڕابردوودا، لە ئەنجامی ئەو هاریکارییەی نێوان هەردوولا، توانراوە ڕێکاری پێویست بەرانبەر گەندەڵکاران بگیرێتەبەر و دەستگیر بکرێن، هەروەها بڕێکی زۆری پارە، زێڕ، موڵک و سامان بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێندرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بەو هەماهەنگییە بۆ سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و برەودان بە دەستپاکی و سەروەریی یاسا.