هەرێم نیوز
میدیاکانی ئیسرائیل بەڵگەنامەیەکی دەستنووسی یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووی حەماس لە غەززەیان بڵاو کردەوە، کە تێیدا پلانێکی ورد و ستراتیژی بۆ هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دانراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، ئەو بەڵگەنامەیە کە ساڵێک پێش هێرشەکە نووسراوە، نەخشەی وردی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان و بنکە سەربازییەکانی دەوروبەری غەززە لەخۆ دەگرێت.
لە پلانەکەدا جەخت لەسەر کۆنترۆڵکردنی یەکتربڕە سەرەکییەکان کراوەتەوە لە ڕێگەی بەزاندنی هاوکاتی پەرژینی سنووری لە ٢٥ خاڵدا.
بەگوێرەی ئەو دەقەی بڵاو کراوەتەوە، سنوار پلانی بۆ ئەوە دانا بوو کە ٢٥٠٠ چەکدار لە تیمەکانی ١٠٠ کەسیدا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، کە ئامانجی سەرەکییان دەرکردنی دانیشتوان، ڕێگەدان بە ڕۆشتنی ژنان و منداڵان و بەبارمتەگرتنی پیاوانی تەمەن ١٧ بۆ ٥٠ ساڵ بووە.
سەرەڕای ئەوەی لە واقیعدا ٣١٠٠ چەکداری حەماس و ٥٨٠ چەکداری جیهادی ئیسرائیلی بەشدارییان کرد، بەڵام پلانی بنەڕەتیی سنوار بەشداریپێکردنی ١٠ هەزار چەکدار بووە.
هەروەها بەڵگەنامەکە ئاشکرای دەکات کە سنوار پێشبینی توندترین کاردانەوەی ئیسرائیلی کردووە و نووسیبووی: "دوژمن سڵ ناکاتەوە لە بەکارهێنانی هەموو چەکێک، تەنانەت ئەگەری هەیە چەکی ئەتۆمیش بەکار بهێنێت"، بەڵام پێی وابووە ئەو هێرشە ئیسرائیل تووشی شۆک و پشێوییەکی گەورە دەکات.
بڕیارە سەنتەری لێکۆڵینەوەی "ئەمیت" لە ڕۆژانی داهاتوودا دەقەکە بەتەواوی بڵاو بکاتەوە، کە نیشاندەری متمانەی زۆری حەماس بووە بەوەی ئەو هێرشە دەبێتە هۆی یەکخستنی بەرەکان و لەناوبردنی ئیسرائیل.