دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

فڕۆکەیەکی "ڕۆژی دوایی"ـی ڕووسی لە تاران نیشتەوە

هەرێم نیوز

فڕۆکەیەکی فەرماندەییی ئاسمانیی ڕووسیا لە جۆری Tu-214PU، کە لە ناو میدیاکاندا بە "فڕۆکەی ڕۆژی دوایی" ناسراوە، دوێنێ دووشەممە، 13ـی 7ـی 2026، لە کاتێکدا کە گرژییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان، لە تاران نیشتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەم فڕۆکەیە لە مۆسکۆوە بەرەو تاران فڕیوە. 

ئەم فڕۆکەیە بەوە دەناسرێت کە وەک ناوەندێکی فەرماندەییی ئاسمانیی ئەمن بۆ بەرپرسانی باڵای ڕووسیا کار دەکات و بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پەیوەندیی کۆدکراو، مانگی دەستکردی ئەمن و کەرەستەی کۆنترۆڵکردنی سەربازی تەیار کراوە.

 ئەو تەکنەلۆژیایانە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە کاتی قەیرانی گەورەی سەربازی یان باری نائاسایی نیشتمانی داڕێژراون.

نیشتنەوەی ئەم فڕۆکەیە لە تاران، گومانی زۆری لەسەر فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازی و ستراتیژییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران دروست کردووە. 

هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسانی ڕووسیا بە فەرمی ئامانجی ئەم سەردانەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی ناجێگیریی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی ئاستی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئامادەبوونی ئەم فڕۆکەیە لە ئێران خاوەن گرنگییەکی گەورەی ژێئۆپۆلیتیکییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP