هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوای قەرەبووی دارایی لە شەش وڵاتی ناوچەکە دەکات، وەک کرێیەک لە بەرامبەر ئەو ئاسایشەی ئەمریکا بۆیان دابین دەکات و پاراستنی گەرووی هورمز لە هەڕەشەکانی ئێران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 7ـی 2026، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو لایەنانەی تێچووی ئاسایشی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە دەدەن، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناوی شەش وڵاتی هێنا کە بریتین لە: سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، کوێت و ئیسرائیل. سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا پارەیەکی زۆر بۆ ئەم وڵاتانە خەرج دەکات، بۆیە پێویستە لە بەرامبەر ئەو پاراستنەدا قەرەبوو بکرێنەوە.
ترەمپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، وێڕای ئەوەی گەرووی هورمز پێش گرژییەکان ڕێڕەوێکی ئارام بووە، بەڵام ئێستا ئەمریکا ئەرکی پاسەوانیکردنی گرتووەتە ئەستۆ و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە تێچووی چالاکییە سەربازییەکانی بەدەست بهێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا میکانیزمی دیاریکراوی بۆ پارەدانەکە دەستنیشان نەکرد، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم وڵاتانە بە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان دادەنرێن و دەبێت بەرپرسیارێتیی دارایی ئاسایشەکەیان لە ئەستۆ بگرن.