هەرێم نیوز
نووسینگەی مەحمود ئەحمەدینەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکییان ڕەتکردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەحمەدینەژاد بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە دەستبەسەریی ماڵەوەدایە و بە "بانگەشەی هۆلیوودی" ناویان برد.
لەماوەی رابردوودا نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا دووبارە جەختی کردەوە کە دوای شەپۆلی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر تاران، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەلایەن بریکارەکانی ئیسرائیلەوە بۆ "ماڵێکی ئارام" گواستراوەتەوە و دواتر لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە خراوەتە ژێر دەستبەسەریی ماڵەوە.
ڕۆژنامەکە پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەحمەدینەژاد، بەشێک بووە لە پلانی گۆڕینی ڕژێم و ئازادکردنی ناوبراو بۆ ئەوەی ڕۆڵێک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بگێڕێت.
لە بەرامبەردا، نووسینگەی ئەحمەدینەژاد لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەو زانیارییانەی بە "بانگەشەی بێبنەما" ناو برد و نیویۆرک تایمزی تۆمەتبار کرد بەوەی ئامادەیە لە بەرامبەر پارەدا هەواڵی ساختە بڵاوبکاتەوە.
نووسینگەکە جەختی کردەوە کە ناوبراو "بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان"، سەرجەم ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیویۆرک تایمز وەک یەکێک لە بڵاوکراوە باوەڕپێکراوەکانی جیهان ناسراوە و ئەحمەدینەژادیش پێی وایە ئەمە هەوڵێکە بۆ لەکەدارکردنی کەسایەتییەکەی لە بارودۆخێکی هەستیاری سیاسیدا.