دواین هەواڵ

جیهان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

قاڵیباف: هێنانی کەرەستەی سەربازیی نوێ بۆ ناوچەکە، پێچەوانەی بانگەشەی ڕاگرتنی شەڕە

هەرێم نیوز

محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گرت و ڕایگەیاند، واشنتن هاوشانی ئیدیعاکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەردەوامە لە هێنانی کەرەستە و چەکی نوێی سەربازی بۆ ناوچەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی 7ـی 2026، محەمەد باقر قاڵیباف لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردەوە، ئەمریکییەکان بەردەوام کەرەستەی سەربازیی نوێ دەهێننە ناوچەکە و لە هەمان کاتیشدا دەڵێن بەدوای ڕاگرتنی شەڕەوەن.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە تەنزەوە ئاماژەی بە ڕەفتارەکانی واشنتن کرد و نووسیویەتی: "ئەمریکییەکان لەسەر بنەمای ئاستی ژیریی (IQ) کەم و کورتی خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ ژیریی ئێمە دەکەن."

جەختیشی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناسینی ئەم جۆرە ڕەفتارانەدا "گەیشتووەتە قۆناغی مامۆستای تەواو (استاد تمام)" و لەسەر ئەم بنەمایەش خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان ئامادە کردووە.

قاڵیباف لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە کردەوەکان بسەلمێنەری قسەکان بن، نەک پێچەوانە و دژبەری بن.

ئەم هێرشە توندەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتنی پێشنیاری ئاگربەستی ١٠ ڕۆژەی لە ڕێگەی قەتەر و پاکستانەوە پشتڕاست کردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP