دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی پڕۆژەی ئاوی (باڵندا - بارزان)ی بۆ ٥٣ گوند کردەوە و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد!

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی (باڵندا - بارزان)ی بە فەرمی کردەوە کە ئاوی خواردنەوەی خاوێن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ٥٣ گوندی سنووری سێ قەزا دابین دەکات؛ هاوکات سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کرد و ڕایگەیاند کوردستان بەشێک نییە لە ململانێکان.

کردنەوەی پڕۆژەکە و سوودمەندبوانی دەڤەرەکە
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی (باڵندا - بارزان)ی بە فەرمی کردەوە، کە ئاوی خواردنەوە بۆ ٥٣ گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر، خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات و چەندین گوندی ناوچەکانی (بەرۆژیا، نزاریا، زێباری و سورچیایەتی) لێی سوودمەند دەبن.

سەرۆکی حکومەت لە وتارێکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژە گرنگە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەدایە کە حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ فەرق و جیاوازی. مەسرور بارزانی ئاماژەی بە مێژووی پڕۆژەکە کرد کە لە ساڵی ٢٠١٣ بڕیاری لێ درابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری، شەڕی داعش و سەرهەڵدانی کۆرۆنا دواکەوت، تاوەکو لە ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە بڕیاری لێ درایەوە و لەلایەن هەردوو کۆمپانیای (ئەرگێل) و پاشان (جی ئی جی) بە دەستی کار و پسپۆڕی تەواو خۆماڵی و ناوخۆیی کۆتایی پێهات و جێبەجێ کرا.

پەیامی ژینگەپارێزی و ئاسایشی ئاو
مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو کردەوە و داوای کرد هاووڵاتییان زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکەن. ستایشی کەلتووری دەڤەری بارزانی کرد لە ژینگەپارێزیدا و هیوای خواست ئەم پێشەنگبوون و کەلتوورە جوانە لە فڕێنەدانی پاشماوە و پاراستنی دارستان و ئاژەڵە کێوییەکان بەردەوام بێت کە لە مەزنەکانەوە بۆیان ماوەتەوە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پڕۆژە گەورەکانی تری ئاسایشی ئاو لە کوردستان کرد، لەوانە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لە هەردوو لای چەپ و ڕاستی شارەکە و ڕایگەیاند کە پڕۆژەی زیاتریش لە بەرنامەدان. سوپاسی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، قایمقامی مێرگەسۆر و بەدواداچوونی خەمخۆرانەی مەلا مستەفای کرد بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.

هەڵوێستی هەرێم لەسەر دۆخی ناوچەکە و هێرشەکان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی تری وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و نێودەوڵەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە بەردەوامەکانی سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "بەداخەوە گەلێك جار زەرەر و زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشێك بین لەم شەڕ و گرژییەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە. دیسان دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم گرژییانە و ئێمە نامانەوێ ببینە بەشێك لەم ململانێ و ئەو شەڕەی ئێستا لەم ناوچەیەدا هەیە."

مەسرور بارزانی داوای گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری کرد و هیوای خواست هێرشە بێ پاساوە بەردەوامەکانی سەر هەرێم ڕابگیرێن و گوتی: "شەڕ و كوشتن و گرتن خێری كەسی تێدا نییە و بەرفراوانكردنی ئەم شەڕە لە ئەنجامدا هەموو لایەك تێیدا زەرەرمەند دەبن. بۆیە ئێمە بەردەوامیی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە شەرمەزار دەكەین و هیوادارین ئاشتی بۆ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP