دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی دوو چەکداری تیرۆریستی داعش ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش رایدەگەیەنێت، بەهەماهەنگی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین توانییان دوچەکداری تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "لە دوو چالاکی جیاوازدا، لەدوای بەدواداچون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد، توانرا هەردو تیرۆریستی داواکراو لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیربکرێن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لە دوای ئەنجامدانی چالاکییەکان "ژن و منداڵی یەکێک لە تیرۆریستەکان" ڕزگارکرا کە لەڕابردودا لەلایەن ئەو چەکدارە تیرۆریستەوە دەستبەسەرکرابون.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەئێستادا تیرۆریستان بە ماددەی  2ی یاسای تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.

توندوتۆڵکردنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکاندا چەندین چه‌كداری داعشیان دەستگیرکردوە. هەروەها هەوڵەکانی حکومەت چڕکراونەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر دزەکردنێک و پڕۆسەی وەرگرتنەوەی چەکداران لە سوریا.

هەواڵگریی سەربازیی عێراق بە هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنی وردیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و نەینەوا ئەنجامداوە و لە چەندین هەڵمەتی جیاوازدا چەندین چه‌كداری داعشی داواکراویان دەستگیرکردوە کە زۆربەیان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP