دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

واشنتۆن دۆسیەی قەرەبووکردنەوەکان دەکاتەوە؛ ئایا ئێران باجی هێرشەکانی دەدات؟

هەرێم نیوز 

لە هەنگاوێکی نوێدا کە تێکەڵەیەکە لە فشاری سەربازی و ئامرازی ئابووری، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرگایەکی نوێی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران کردەوە.

تڕەمپ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕایگەیاند کە هەر لەم ساتەوە، قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانەی بەر کەشتی و بارە بازرگانییەکان دەکەون بەهۆی ئەو هێرشانەی پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە، لەو سامان و پارە سڕکراوانەی ئێران دەدرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادان.

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت بڕی قەرەبووەکان زۆر بن، بەڵام تڕەمپ ئەم بڕیارەی بە هەنگاوێکی "دادپەروەرانە" ناوبرد. لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەتوندی ئەم لێدوانانەی ڕەتکردەوە و بە "پێشهاتێکی مەترسیدار"ی دانا کە متمانە بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی لاواز دەکات.

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لەسەر گەرووی هورمز لەوپەڕی ئاڵۆزیدان. لە ئێستادا ئەمریکا دەستبەسەر نزیکەی ٢ ملیار دۆلاری ئێرانیدا گرتووە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، هاوکات دەیان ملیار دۆلاری تری ئێران کە مەزەندە دەکرێت لە نێوان ٢٤ بۆ زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار بێت، لە وڵاتانی تردا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە سڕکراون.

ئەم پێشهاتەش بە واتای کۆتاییهاتنی یەکجاریی ئەو لێکتێگەیشتننامەیە دێت کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە نێوان تڕەمپ و مەسعود پزیشکیان واژۆ کرا. 

لە ڕووی زیانە ئابوورییەکانیشەوە، کۆمپانیای دڵنیایی "ئەلیانز" پێشبینی دەکات داواکارییەکی زۆری قەرەبووکردنەوەیان پێ بگات، بەتایبەت کە تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران بە بەهای ١٢٥ ملیار دۆلار کەشتی و باری بازرگانی لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش، شارەزایان و یاساناسان پێیان وایە کە بابەتەکە لە ڕووی یاساییەوە ئاڵۆزە.

وێژدان عەبدولڕەحمان، توێژەر لە کاروباری ئێران بۆ سکای نیوز ئاماژە بەوە دەکات کە وەرگرتنی قەرەبوو لەو پارانە ڕاستەوخۆ نابێت، بەڵکو پێویستە خاوەن کەشتییە زیانلێکەوتووەکان سکاڵا لە دادگاکانی ئەمریکا تۆمار بکەن و تەنها دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا دەتوانرێت قەرەبووەکە خەرج بکرێت. 

لە لایەکی تریشەوە، عەلی ڕەزا سەداقەت، شارەزای ئابووریی ئێرانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستەمی حوکمڕانیی ئێران مانەوەی خۆی لەسەر دروستکردنی قەیران و هەڕەشە بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بنیات ناوە، بۆیە چارەسەری ڕاستەقینە تەنیا لە قەرەبووکردنەوەدا نییە، بەڵکو لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە داراییەکانی سیستەمی ئێران و سزادانی باڵەکانیدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP