دواین هەواڵ

جیهان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی ئێران دان بە هەبوونی درزێکی ئەمنیی گەورە لە ناو پێکهاتەی بڕیاردانی وڵاتەکەیدا دەنێت

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دان بەوەدا دەنێت کە هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خامنەیی لە ڕێگەی "درزێکی ئەمنییەوە" ئەنجامدراوە و ئەو درزەش هێشتا لە ناو پێکهاتەی بڕیاردانی وڵاتەکەدا ماوەتەوە. هاوكات ئاشکرای دەکات کە بۆ ئەگەری کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە چەندین سیناریۆی بۆ داڕێژرابوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی 7ـی 2026، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لە بەرنامەی (ماجرای جنگ ٢) لە یوتیوب، بەرگری لە بڕیاری قبوڵکردنی ئاگربەست کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەم بڕیارە زووتر بدرابوو، چەندین بەرپرسی وەک عەلی لاریجانی و ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە وەک ناوچەی نەوتیی (عەسەلوویە) لە زیانەکان دەپارێزران، چونکە بڕیاری بەردەوامبوون یان ڕاگرتنی شەڕ لە سەر بنەمای پێشبینی و گومان نادرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە تا ئێستا "موجتەبا خامنەیی"، ڕێبەری سێیەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە نزیکەوە نەبینیوە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاری دەستپێکردن و کۆتاییهێنانی شەڕ بڕیارێکی بەکۆمەڵ بووە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بڕیاری شەخسیی ئەو نەبووە.

عێراقچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بۆ سەر ماڵی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە لە ڕێگەی درزێکی ئەمنییەوە بووە کە هێشتا ماوەتەوە و کاریگەری لەسەر پرۆسەی بڕیاردان لە دەسەڵاتدا هەیە. ئاشکراشی کرد کە بۆ ئەگەری کوژرانی ڕێبەرەکە، سیناریۆی جیاواز داڕێژرابوون کە تەنانەت "کۆدی تایبەت و دیاریکراویان" هەبوو، هەرچەندە لە کۆبوونەوەکاندا کەس ئارەزووی نەدەکرد باسیان بکات.

سەبارەت بە دانوستانەکانی پێش دەستپێکردنی شەڕی ١٢ ڕۆژەش، عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە بە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "ئێمە لە هەر چرکەیەکدا چاوەڕێی بۆردومان دەکەین، بۆیە ناتوانن هەڕەشەمان لێ بکەن یان بمانکڕن، چونکە لای ئێمە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ فرۆشتن نییە و ئێران وەک ڤەنزوێلا نییە کە بە نەمانی یەک کەس تەواوی پێکهاتەکەی بترسێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP