دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

بۆرییەکانی نەوت و سەرلەنوێ کێشانەوەی جیۆپۆلوتیکی عێراق

د.نەوشیروان سەعید

ئایا هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ دڵی ئاسایشی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی داهاتوو؟

دوای ڕاگەیاندنەکەی وەزیری نەوتی عێراق باسم خزەیر لە واشنتۆن، لەبارەی پلانی نوێی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە گەرووی هورمز و دامەزراندنی سیستەمێکی هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوت بۆ جیهان و فیشخابوور، جارێکی تر کوردستان دەکەوێتە بەردەم قۆناغێکی نوێ، کە دەکرێت دەرفەتێکی گەورەی نوێ و دەکرێت هەڕەشەی تر بێت بۆسەر ئاسایش و ئابووری هەرێم، کە ئەمەی دووەمیان ئەگەرێکی دوورترە.

ڕێگا و ڕێڕەوەکان بەدرێژایی مێژوو تەنیا هۆکارێک نەبوون بۆ تێپەڕبوونی کاروان و سوپاکان، بەڵکو هەمیشە ئامرازێک بوون بۆ دروستکردنی هێز و سەرلەنوێ کێشانەوەی نەخشەکانی نفوز. لە ڕێگای ئاوریشمەوە بۆ ڕێگا ڕۆمانییەکان و لە نۆکەندی سوێسەوە بۆ گەرووی هورمز، جوگرافیا هەرگیز ڕەگەزێکی بێلایەن نەبووە، بەڵکو بکەرە بێدەنگەکە بووە کە چارەنووسی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتانی دیاری کردووەو هەموو بیرمەندانی فەلسەفەی مێژوو هاوڕان لەسەر کاریگەریی شوێن و جوگرافیا لەسەر ڕەوتی و رەوڕەوەی مێژوو شانۆی ڕووداوەکانی.

لەگەڵ چوونەناوەوەی جیهان بۆ سەردەمی نەوت، ئەم ڕاستییە گوازرایەوە بۆ ئاستێکی نوێ. چیتر جەنگەکان تەنیا بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگەکانی وزە ئەنجام نادرێن، بەڵکو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕێگایانەش دەکرێن کە وزەکە دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکان. نەوت سامان دەبەخشێت، بەڵام هێڵی بۆری نفوز دەبەخشێت. ئەوەی کۆنترۆڵی شادەماری وزە بکات، خاوەنی توانایەکی وایە بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر سیاسەت و ئابووری کە هەندێک جار لە کۆنترۆڵکردنی خودی سەرچاوەی نەوتەکە زیاترە، دوو خولی ڕابردووی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز نوێترین نموونەیە کە دەکرێت پەنجەیان بۆ ڕابکێشین.

ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم ساتەوەختێکدا وەستاوە کە ڕەنگە گرنگترین بێت لە مێژووی نەوتی خۆیدا لە دوای خۆماڵیکردنی نەوتەوە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. ئەو پڕۆژەیەی کە ئێستا بە پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوبەشیی عێراقی-قەتەری گەڵاڵە دەبێت، بۆ دامەزراندنی سیستمێکی یەکگرتووی بۆرییەکانی نەوت کە بەسرە بە فیشخابوور و پاشان بەندەری جیهانی تورکییەوە دەبەستێتەوەو درێژ دەبێتەوە بۆ حەدیسە و پاشان بەندەری بانیاسی سووری، تەنیا پڕۆژەیەکی سادەی ژێرخان نییە. بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە بیرکردنەوەی ستراتیژیی عێراقدا، کە لەسەر بنەمای هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی عێراق بە دەریای ناوەڕاستەوە وەستاوە، بەدوور لە پشتبەستنی نیمچە تەواو بە کەنداوی عەرەبی(لە سەرچاوە و نەخشە کۆن و نوێیەکانیش ناوی کەنداوی فارسییەو کۆماری عەرەبی بە بڕیارێک گۆڕیویەتی بە کەنداوی عەرەبی لە ئەدەبیاتی وڵاتانی عەرەبی) و گەرووی هورمز.

واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی عێراقی-سووری بۆ سەرلەنوێ چاککردنەوە و زیندووکردنەوەی هێڵی نەوت بەرەو دەریای ناوەڕاست، بە چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی، خاڵێکی وەرچەرخانە لە هاوکێشەی وزەی هەرێمایەتیدا. ئەم هێڵە چاوەڕوانکراوە کە لە قۆناغی یەکەمیدا ئامانجی گواستنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا، تەنیا زیندووکردنەوەی هێڵی مێژوویی کەرکوک-بانیاس نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی لەدایکبوونی ڕێڕەوێکی نوێی وزەیە کە کەنداو بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە و پێگەیەک بۆ عێراق دەگێڕێتەوە کە چەندین دەیەیە لەدەستی دابوو.
مەحاڵە ئەم پڕۆژەیە لەو گۆڕانکارییە فراوانترە جیا بکرێتەوە کە لە سیاسەتی ئەمریکادا بەرامبەر بە عێراق ڕوودەدات. هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی بۆرییەکاندا، بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەی عێراقدا فراوانتر بوو، سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان شایەتی چەندین ڕێککەوتن بوو لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکاندا، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕوانگەیەکی ڕاگەیەندراودا بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی کەرتی وزە و فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن.
بەڵام خوێندنەوەی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە لە بەغدا یان دیمەشقەوە دەستپێناکات، بەڵکو لە فیشخابوورەوە دەستپێدەکات.

ئەم شارۆچکە سنوورییە بچووکە نزیکە لەوەی بگۆڕێت بۆ یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر سیستمی بۆریی پێشنیازکراو تەواو بێت، بەمەش هەرێمی کوردستان تەنیا هەرێمێکی بەرهەمهێنەری نەوت نابێت، بەڵکو دەبێتە خاڵێکی تێپەڕبوونی ستراتیژی کە باشووری عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و ڕەنگە لە ئاینده‌دا بە تۆڕەکانی غاز و وزەی هەرێمایەتیشەوە ببسترێتەوە.

لێرەدا یاساکانی یارییەکە دەگۆڕێن، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، هێزی هەرێم لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە خاوەنی بەرهەمهێنانی نەوت و هێڵێکی هەناردەکردن بوو بەرەو جیهان. بەڵام لە قۆناغی داهاتوودا، ڕەنگە هێزە ڕاستەقینەکەی لە پێگەکەیەوە سەرچاوە بگرێت وەک ڕێڕەوێکی ناچاری و دیفاکتۆ بۆ وزەی عێراق. ئەم وەرچەرخانە بەهای جیۆپۆلیتیکی هەرێم بۆ ئاستێکی بێپێشینە بەرز دەکاتەوەو سەقامگیرییەکەی دەکاتە بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا، دەوڵەتانی کەنداو و کۆمپانیا جیهانییەکان.

بەڵام ئەم دەرفەتە لە ناخی خۆیدا تۆوی هەڕەشەشی هەڵگرتووە.
ئەگەر سیستمی نوێ بە لۆژیکی هاوبەشی بەڕێوە ببرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان دەکاتە ناوەندێکی هەرێمایەتی بۆ وزە و وەبەرهێنانی زەبەلاح لە بوارەکانی گواستنەوە، کۆگاکردن، پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان ڕادەکێشێت، هەزاران دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی هەرێم بە شێوازێکی بێپێشینە بە ئابووریی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە دەبەستێتەوە.

بەڵام ئەگەر بە لۆژیکی مەرکەزییەت بەڕێوە ببرێت، ڕەنگە سەنتەری قورسایی لە خاوەندارێتی نەوتەوە بگوازێتەوە بۆ خاوەندارێتی بۆرییەکە. ئەو کاتە پرسیارەکە ئەوە نابێت کێ نەوت بەرهەم دەهێنێت؟ بەڵکو ئەوە دەبێت کێ کۆنترۆڵی ئەو ڕێگایە دەکات کە نەوتەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت بۆ بازاڕەکان؟ جەوهەری ئاڵنگارییە سیاسییەکەش لێرەدایە.
ڕەنگە هەرێم خۆی لەبەردەم تۆڕێکی نیشتمانیدا ببینێتەوە کە حکومەتی فیدراڵی کۆنترۆڵی جومگەکانی دەکات، ئەمەش پەراوێزی سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم کەم دەکاتەوە و وادەکات هەر ناکۆکییەکی سیاسی یان دارایی نێوان بەغدا و هەولێر ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر ڕۆیشتنی نەوت و داهاتەکان. بەمەش بۆرییەکان، کە پێشبینی دەکرا هۆکارێک بن بۆ تەواوکاری، دەگۆڕێن بۆ ئامرازێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان.

لەپاڵ ئەمەشدا، پڕۆژەکە عێراق دەخاتە ناو جەرگەی کێبڕکێی جیۆپۆلیتیکی هەرێمایەتییەوە. ڕێڕەوە نوێیەکەی وزە بەرژەوەندییەکان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا، سووریا و دەوڵەتانی کەنداودا سەرلەنوێ دابەش دەکاتەوە و کاریگەریی دەبێت لەسەر حیساباتی هێزە هەرێمایەتییەکانی تریش. هەرچەندە گرنگیی ئەم تۆڕە زیاد بکات، پێویستی بە پاراستنی لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە زیاتر دەبێت و پێویست دەکات لە ململانێ ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان بەدوور بخرێت.
لێرەوە، سەرکەوتنی پڕۆژەکە تەنیا نەبەستراوە بە دابینکردنی دارایی یان تەکنەلۆجیاوە، بەڵکو بەستراوە بە بنیادنانی گرێبەستێکی سیاسی نوێ لە ناوخۆی عێراقدا.
قۆناغی داهاتوو پێویستی بە تێپەڕبوون هەیە لە چەمکی فیدراڵییەتی نەوتییەوە بۆ چەمکی فیدراڵییەتی ڕێڕەوەکانی وزە، تەنیا ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی داهاتی نەوت بەس نییە، بەڵکو دەبێت ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو ژێرخانەش بکرێت کە ئەم سامانە دەگوازێتەوە. هەر سیستمێکی ستراتیژی بەم قەبارەیە، پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەکی فیدراڵیی سەربەخۆوە بەڕێوە ببرێت کە حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆبگرێت، بە جۆرێک کە هێڵەکانی بۆری بگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی نیشتمانی، نەک ببێتە ئامرازێکی نفوز بۆ لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنێکی تر.

ئەگەر عێراق تێیدا سەرکەوتوو بێت، دەیەی داهاتوو دەکرێت شایەتی لەدایکبوونی ڕێڕوێکی ئابووری بێت کە لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە و عێراق دەکاتە ئەڵقەی بەستنەوەی نێوان ئاسیا و ئەوروپاو ڕۆڵێک بە هەرێمی کوردستان دەبەخشێت کە هاوشێوەی ڕۆڵی خاڵە گرنگەکانی وزەی جیهانی بێت لە دونیای ئەمڕۆدا.

بەڵام ئەگەر شکست بهێنێت، ئەو بۆرییانەی کە بۆ یەکخستنی ئابووری دیزاین دەکرێن، دەگۆڕێن بۆ هێڵەکانی تەماسی نوێ و هەر ناکۆکییەکی سیاسی دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی وزەی عێراق.

مێژوو سەلماندوویەتی کە ئیمپراتۆریەتەکان بە توانایان لە کۆنترۆڵکردنی ڕێگاوبانەکاندا پێوانە دەکران، و دەوڵەتە هاوچەرخەکانیش بە توانایان لە پاراستنی ڕێڕەوەکانی وزەدا پێوانە دەکرێن. ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم دەرفەتێکی دەگمەندایە بۆ پێناسەکردنەوەی پێگەی خۆی لە نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پرسیارە یەکلاکەرەوەکەش بە کراوەیی دەمێنێتەوە ئایا سیستمی نوێی بۆرییەکان دەبێتە پردێک کە عێراق بەرەو تەواوکاری و سەقامگیری بپەڕێنێتەوە، یان دەبێتە ناونیشانێکی نوێ بۆ ململانێی نفوز لە نێوان ناوەند و هەرێم و لە نێوان هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا؟

وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا داهاتووی نەوتی عێراق دیاری ناکات، بەڵکو ڕەنگە نەخشەی شێوازی دەوڵەتی عێراق و پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ چەندین دەیەی داهاتوو بکێشێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP