هەرێم نیوز
بەهۆی بەردەوامی و تەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی نزیک لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، بۆ یەکەمینجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیەنرا، و بەهۆی مەترسیی ئاگرەکەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس بە ناچاری ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە.
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویان کردەوە کە مەترسییەکان بەهۆی ئاگرەکەوە لە ئاستێکی بەرزدایە، بەتایبەت لە شارەکانی (ڤێلا دیل پرادۆ) و (سان مارتن دیڤاڵدێگلێسیاس) و ناوچەکانی دەوروبەری (کاستێلا لامانچا).
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئیسپانیا زنجیرەیەک ڕووداوی گەورەی سوتانی دارستانەکانی بەخۆیەوە بینیوە؛ لە شاری تۆلیدۆ زیاتر لە ٨.٩ کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی سووتاوە، و لە ڕووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوەدا لە شاری ئالمیریا ١٣ کەس گیانیان لەدەست داوە.
ئەم شەپۆلەی ئاگرکەوتنەوە لە کاتێکدایە کە کیشوەری ئەوروپا وەرزێکی سەخت بەهۆی سوتانی دارستانەکان بەڕێ دەکات، و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە فەرەنساش بەهۆی ئاگرەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە.