دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پارێزگاری هەولێر: هەر بەنزینخانەیەک نرخ یان کوالێتی بشێوێنێت ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە

هەرێم نیوز

دوابەدوای بڕیار و فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، دابەزاندنی نرخی بەنزین لە پارێزگای هەولێر دەستی پێکرد و بەنزینخانەکان پابەند کران.

پشکنینی مەیدانی و بڕیاری سەرۆکی حکومەت
ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە یاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكه‌شین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، لەگەڵ لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی و ئەنجومەنی بەنزینخانەكان، سەردانێکی مەیدانییان بۆ بەنزینخانەکانی شاری هەولێر ئەنجامدا بە مەبەستی بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای بەسەرکردنەوەی بەنزینخانەی شیمالی و گوێگرتن لە شوفێران، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: "دوای سەرهەڵدانی کێشەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخ، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ڕاستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی ڕیشەیی دەرکرد و هاووڵاتییانی خستە سەنتەری گرنگیپێدانەوە."

دیاریکردنی نرخە نوێیەکان و ئاستی پابەندبوون
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، بەپێی فەرمانەکەی سەرۆکی حکومەت نرخەکان بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێن:
نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی حکومی (پاڵپشتیکراو) بووە بە ٧٥٠ دینار و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێت.
نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی کەمکرایەوە بۆ ٨٥٠ دینار.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، لە شاری هەولێر ٢٦٦ بەنزینخانە هەن و بەشی هەرە زۆریان تابلۆی نرخەکانیان گۆڕیوە بۆ ٨٥٠ دینار بۆ هەر لیترێکی بازرگانی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و پاڵاوگەکان پابەند کراون بڕی پێویست دابین بکەن.

سزادانی سەرپێچیکاران و پڕۆژەی کارتی ئەلیکترۆنی
سەبارەت بە چاودێریکردنی کوالێتی و نرخەکان، پارێزگاری هەولێر جەختی لە بەردەوامی سەردانە مەیدانییەکان کردەوە و هۆشداریدا کە هەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات رووبەڕووی توندترین سزا دەبێتەوە، وەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا حەوت بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتییەوە سزادراون و ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە.
لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە، دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و پارێزگارەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریداوە بڕی سووتەمەنییەکە زیاد بکات. هاوکات لە پلاندایە بەم زووانە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە ڕێکبخرێت تاوەکو دادپەروەریی زیاتر دەستەبەر بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP