دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکیان: لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆبووینەتەوە و بڕیارمانداوە کۆتایی پێ بهێنین!

هەرێم نیوز
سەرۆککۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، پیلانی دوژمنان بۆ ڕووخاندنی وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە؛ هاوکات ئاشکرای دەکات کە هەموو بڕیارە ئیداری و جێبەجێکارییەکان بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی ڕابەری باڵا دراون.

پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان و پەیوەندی لەگەڵ ڕابەری باڵا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "دوژمنانی وڵاتەکەی لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ژێرخانە هەستیارەکانەوە هەوڵی جدییان داوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕوخێنن، بەڵام یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی ناوخۆیی ئێرانییەکان تەواوی پلانەکانیانی پووچەڵکردووەتەوە."
پزیشکیان ئاماژەی بە پەیوەندییە بەردەوامەکانی خۆی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوە بەردەوامەکانماندا، جەخت لەسەر پێویستیی یەکلاکردنەوە و کۆتاییهێنان بە دۆخی (نە جەنگ و نە ئاشتی) کراوەتەوە." ئاشکراشی کرد کە سەرجەم بڕیارە جێبەجێکارییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بەپێی دەستوور و ڕێنماییەکانی ڕابەری باڵا دەدرێن.

ئەنجامی دانوستانەکان و پابەندنەبوونی واشنتۆن
سەبارەت بە پرسی دیپلۆماسی و دانوستانەکان، سەرۆککۆماری ئێران ڕوونی کردەوە کە دەستکەوتەکانیان لە دانوستانەکاندا لە ئاستی چاوەڕوانییەکان زۆر زیاتر بووە، بەڵام واشنتۆن وەک جارانی پێشوو پێبەندی بەڵێنەکانی نەبووە و هەڵوێست و ڕێککەوتنەکانی پێشێل کردووە.
پزیشکیان جەختی کردەوە: لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکاندا جەختمان لەسەر کردبوونەوەی تەنگەی هورمز بۆ هەناردەکردنی نەوت کردبووەوە، بەڵام لایەنی بەرانبەر پابەند نەبوو.

وەڵامێک بۆ ڕەخنەگرانی ناوخۆ
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پزشکیان رەخنەی لە هەندێک هەڵوێستی ناوخۆیی گرت و رایگەیاند، هەندێک لێدوانی ناوبازاڕ و نەپێوراو لە ناوخۆدا هەوڵی بچووککردنەوەی دەستکەوتەکانی دانوستانەکان دەدەن، داواشی کرد کە ماندووبوون و هەوڵەکانی تیمی دانوستانکار بە پەراوێز نەخەرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP