دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ لە بەردەم دوو بژاردەی یەکلاکەرەوەدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران

هەرێم نیوز
ماڵپەڕێکی ناسراوی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەردەم بڕیارێکی مێژوویی و هەستیاردایە، و لە ئێستادا واشنتۆن و تەلئەبیب گفتوگۆ لەسەر دوو بژاردەی سەرەکی دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی قەیرانەکە لەگەڵ ئێران.

فشاری نێوەندگیران و دوو بژاردەکەی بەردەم کۆشکی سپی
ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاوی کردەوە، لە سایەی بەردەوامیی ئەو ململانێ سەربازییەی کە کەرتی وزە و وڵاتانی کەنداوی پەکخستووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دووڕیانێکی یەکلاکەرەوەی نزیک دەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، لە کاتێکدا نێوەندگیران فشاری توند دەکەن لە پێناو ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێدا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تەنیا دوو بژاردە لەبەردەم ترەمپدا ماون بۆ جێبەجێکردن:

•بژاردەی یەکەم: ڕەزامەندبوون لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دانانی ئاگربەستێکی نوێ بۆ ماوەی دە ڕۆژ، کە ئامانجی سەرەکی لێی کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و گەڕانەوەی ئارامییە بۆ هەناردەکردنی نەوت.
• بژاردەی دووەم: دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازیی هاوبەشی فراوان و سەرتاسەری لەگەڵ ئیسرائیل دژی قووڵایی خاکی ئێران، بە مەبەستی ناچارکردنی تاران بە پاشەکشە و ڕادەستبوون.

هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە
ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر هیچ یەکێک لەو دوو ڕێڕەوە نەداوە، بەڵام بەرپرسانی نزیک لە کۆشکی سپی پێیان وایە کە چەند ڕۆژی داهاتوو و پەرەسەندنی مەیدانیی دۆخەکە، نەخشەڕێگا و ڕێڕەوی کارەکان بە تەواوی دیاری دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP