هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت لەسەر گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن دەکاتەوە لە ڕەهەندی سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووری؛ هاوکات ئاشکرای دەکات ئامۆژگاریی سەرۆکی ئەمریکای کردووە کە ڕێگەی دانوستان لەبری ئۆپەراسیۆنی سەربازی بگرێتە بەر.
ئامۆژگاری بۆ ترەمپ و گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری (زا ئاتلانتیک)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئامۆژگاریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە کە هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ئێران، چونکە دانوستان و دیپلۆماسی لە هەموو بژاردەیەک گرنگترە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: "پێویستە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن لە شێوازە سەربازییەکەیەوە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی بەهێزی ئابووری، چونکە ئەوە ئابوورییە پەیوەندیی درێژخایەن لەنێوان گەلاندا دروست دەکات، نەک ئامادەیی و بنکەی سەربازی."
زەیدی جەختی کردەوە کە دەبێت عێراق ببێتە "خاڵی بەیەکگەیشتن، نەک مەیدانی دوژمنکاری" لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرژەوەندیی باڵای وڵات وا دەخوازێت کە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەرپێدا نەبێت جگە لە کۆنترۆڵکردنی بەپەلەی چەک و هێشتنەوەی لەدەستی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتی کردەوە ڕێگە بدات عێراق ببێتە دەوڵەتێکی فاشیل و ڕایگەیاند، حکومەتەکەشی زۆر ڕژدە لەسەر بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەروەریی دەوڵەت. ڕوونیشی کردەوە کە گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار ڕێگەی ڕاستەقینەی سەقامگیریی هەمیشەیین، چونکە ئەو هاووڵاتییەی ئایندەیەکی ئارامی هەبێت، پەنا بۆ جەنگ یان ململانێی مەزهەبی نابات.
پڕۆژەی وەبەرهێنانی ٣٠ ساڵە لەگەڵ ئەمریکا
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ بەرپرسانی واشنتۆن گفتوگۆی لەسەر دامەزراندنی هاوبەشییەکی وەبەرهێنانی ٣٠ ساڵە لەنێوان عێراق و ئەمریکا کردووە، کە لەسەر بنەمای وەبەرهێنانی هاوبەش و تەکنەلۆجیا بێت لەبری ئامادەیی سەربازی.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، جەنگی ناوچەکە و داخرانی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بەر ئابووریی عێراق گەیاندووە، بۆیە داوای لە وەبەرهێنەرانی بیانی و ئەمریکی کرد کە وەک دەرفەتێکی بەپیت و ئایندەدار بڕواننە بازاڕەکانی عێراق.