دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

بەغدا بڕیاری کۆتایی دا؛ ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ دەستگیرکردنی هێرشبەرانی سەر هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و ناوەکانیان بڵاودەکرێتەوە!

هەرێم نیوز

سەرچاوە ئەمنییەکان لە بەغدا ئاشکرای دەکەن کە حکومەتی فیدراڵ تەواوی زانیاری و ناوی ئەو تۆمەتبارانەی لەبەردەستە کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، و لە ئێستاشدا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی دەگمەن بۆ دەستگیرکردنیان دەکرێت.

ئاشکراکردنی ناوی هێرشبەران لە بەردەم رای گشتی
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی "مەدا"ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەمنیی بەغدا زۆر نزیک بوونەتەوە لە ڕاگەیاندنی ئۆپراسیۆنێکی یەکلاکەرەوە بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو کەس و بەرپرسانەی لە پشتی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی سەر خاکی هەرێمی کوردستانەوەن. ئەم هەنگاوەش بە وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراو و دەگمەن دادەنرێت ئەگەر حکومەت بڕیاری کۆتایی بدات ناوی هێرشبەران و دانپێدانانەکانیان بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لایەنی جێبەجێکاری ئەم تاوانانە بە هیچ شێوەیەک شاراوە نین، چونکە بەر لە چوار مانگ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دۆسیەیەکی تەواوی لەسەر ناو و ناسنامەی سەرجەم تۆمەتباران و ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکانەوەن ڕادەستی بەغدا کردووە.

ئاماری هێرشەکان و چاودێریکردنی میلیشیاکان
ئەم ئامادەکارییە کتوپڕەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتێکدایە کە چوار ڕۆژە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لێکەوتەی قورسیان هەبووە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٩٠ هێرش کراوەتە سەر هەرێم و بەو هۆیەوە ١٧٠ هاووڵاتی و کارمەند بوونەتە قوربانی (شەهید و بریندار).

سەرچاوە ئەمنییەکان نەشیانشاردووەتەوە کە هێزەکانی حکومەت لە ئێستادا بە وردی چاودێریی جووڵەی ٧ تا ١٠ گرووپی میلیشیا دەکەن کە گومانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێرندا لێدەکرێت. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە میلیشیاکان لە ئامادەکاریدان بۆ وەشاندنی شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە سەربازییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوت، بەڵام سەرچاوەکە هۆشداریدا کە هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە، وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی حکومەتی فیدراڵی بەدوادا دێت بە دەستگیرکردن و سەپاندنی یاسا بەسەریاندا. هاوکات لێکۆڵینەوەی ناڕاستەوخۆش هەیە بۆ سەلماندنی دەستێوەردانی ئەو گرووپانە لە هێرشەکانی سەر پێگەکانی ئەمریکا لە بەحرێن، کوێت و ئوردن.

بەڵێنەکەی عەلی زەیدی بۆ بنەبڕکردنی هێرشەکان
سەبارەت بەم دۆخە ئەمنییە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پاش هێرشەکەی سەر هەولێر بە توندی سەرکۆنەی ڕووداوەکەی کرد و ڕایگەیاند: "بە لۆجیکی بەرپرسیارێتیی دەستووریمان، بە توندی دەستدرێژیی لە ڕێی درۆنەوە بۆ سەر هەولێر شەرمەزار دەکەین؛ ئێمە بە چووکترین شێوە ئاسانکاری و چاوپۆشی بەرامبەر بەو هەوڵە چەپەڵانە ناکەین کە دەیانەوێ جێگیری، ئارامی و ڕێگەی بنیاتنانی دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز تێکبدەن."

زەیدی دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی ئەمنیی فیدراڵ و هەرێمیان ڕاسپاردووە تا تەواوی ڕێوشوێنەکان بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە و بە شێوەیەکی ڕیشەیی بنەبڕی هەر هەوڵێک بکەن کە ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراق دەشێوێنێت.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی هەینی هێزەکانی هاوپەیمانان بەرپەرچی هەشت درۆنی هێرشبەریان لە ئاسمانی هەولێر داوەتەوە بەبێ ئەوەی زیانی لێبکەوێتەوە، هاوکات لە سلێمانیش بە موشەک هێرشکرایە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات و چەندین درۆنی تریش خرانە خوارەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP