هەرێم نیوز
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، دوابەدوای سەردانە فەرمییەکەی پارێزگاری بانکەکە بۆ ئەمریکا، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕاگرت و ڕایگەیاند کە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ گەڕانەوەی حەوت بانکی عێراقی بۆ ناو سیستمی دارایی جیهانی هاتووەتە ئاراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 7ـی 2026، نزار ناسر حسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا حەوت بانک هەن کە دوای جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆگرامی چاکسازی و بەدیهێنانی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، شایستەی ئەوەن بگەڕێنەوە ناو کەناڵەکانی ئاڵوگۆڕی دارایی دەرەکی بە دراوەکانی دیکە (جگە لە دۆلار)، هاوكات لە قۆناغەکانی داهاتوودا و دوای تەواوکردنی تەواوی مەرجەکانی بەڕێوەبردنی دروست، مافی مامەڵەکردنیان بە دۆلاری ئەمریکیش پێدەدرێتەوە.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕێککەوتنە لە پێناو نوێکردنەوەی کەرتی بانکی، بەهێزکردنی متمانە و دروستکردنی کەشێکی لەبارە بۆ کرانەوە بەڕووی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا.
لە لایەکی دیکەوە، بانکی ناوەندی پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە هەڵسەنگاندنی سەرجەم بانکەکان و توندکردنی چاودێرییەکان، بە تایبەت لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
هۆشداریشی دا کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر بانکێک دەگیرێتە بەر کە پابەندی ستانداردەکان نەبێت، تا دەگاتە بڕینی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان یان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانیان.
ئەم ڕاگەیەندراوە فەرمییەی بانکی ناوەندی دوای ئەوە دێت کە پێشتر عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) پێشوازی لەم هەنگاوە کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە گەڕانەوەی ئەم بانکانە بۆ کەناڵەکانی ئاڵوگۆڕی دەرەکی، سەرکەوتنی ئەو چاکسازییە داراییە دەسەلمێنێت کە حکومەتەکەی گرتوویەتیە بەر و ئاسۆیەکی فرەوانتر لەبەردەم ئابووریی نیشتمانی و وەبەرهێناندا دەکاتەوە.