هەرێم نیوز
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند دەداتە بەغدا و ڕادەگەیەنێت، واشنتن بە چاوپۆشییەوە سەیری خراپ بەکارهێنانی بانکەکانی عێراق لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ناکات و لە کاتی پێویستدا، بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە دژی ئەو چالاکییانە هەنگاو دەنێت.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 7ـی 2026 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕوونکردنەوەی لەسەر دۆخی بانکەکانی عێراق دا و ڕایگەیاند، بانکە عێراقییەکان تەنیا لە کاتی جێبەجێکردنی تەواوی ستانداردە پێویستەکان و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی پڕۆگرامی چاکسازیی بانکی لەم هاوێنەدا، دەتوانن دووبارە بە تۆڕە بانکییە نێودەوڵەتییە ناودۆلارییەکانەوە ببەسرێنەوە.
گەنجینەی ئەمریکا بە ڕوونی ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو بانکە عێراقییانەی کە پێشتر قەدەغەکردنیان بەسەردا سەپێنرابوو، مافی دەستڕاگەیشتنەوەیان بە مامەڵە و ئاڵۆگۆڕی دراوە بیانییەکان پێنەدراوەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو بانکانەی دەتوانن هەموو قۆناغەکانی چاکسازی و وەرگرتنەوەی مۆڵەت بە سەرکەوتوویی ببڕن (لەوانەش ئەنجامدانی وردبینی و حسابڕسیی سەربەخۆ، ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری باوەڕپێکراو و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان)، لە داهاتوودا دەرفەتی ئەنجامدانی مامەڵەی دۆلاریشیان پێدەدرێت، چونکە واشنتن پاڵپشتی لە ستراتیژی بانکی ناوەندیی عێراق دەکات بۆ ڕوونیی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.