هەرێم نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و چەندین پرسی پەیوەست بە خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران بڕیاریان لێوە دەدرێت.
درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی سزای هاتوچۆ
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕگەی سەرەکی خشتەی کار دەبن و گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت. لە بڕگەی یەکەمدا، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری کۆتایی لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران دەدرێت، کە تایبەتە بە لێخۆشبوون لە ڕێژەیەک لە سزای سەرپێچییەکانی هاتوچۆ.
دۆخی کارەبا، سووتەمەنی و داشکاندنی قەرزی کارەبا
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی (کارەبا و سامانە سروشتییەکان) لەم بارەیەوە دەخرێتە ڕوو. هاوکات لەم بڕگەیەدا بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی داشکاندنی ڕێژەیەک لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا دەکرێت و بڕیاری پێویستی لێوە دەدرێت.
ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەران
لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر چەند ڕاسپاردەیەکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن، کە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە پێشتریش بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کارئاسانیی بۆ کرابوو.