هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هۆشداریش دەدات لەوەی داخرانی دەریای سور کاردانەوەی توندی واشنتۆنی بەدوادا دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی 7ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، ڕێگە بە ئێرانییەکان نادەن چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەگەر هێرشمان نەکردایەتە سەر ئێران، دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترەمپ جەختی کردەوە، لە ئەگەری بەگەڕخستنەوەی هەر بنکەیەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، دووبارە هێرشدەکەنە سەریان.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان و ڕایگەیاند، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز بەردەوامە و هیچ کەشتییەک ناتوانێت بچێتە ناو ئەو بەندەرانە یان لێیان دەربچێت.
هەروەها سەبارەت بە ئاسایشی کەشتیوانی هۆشداری دا، ئەگەر دەریای سور دابخرێت، کاردانەوەی توندیان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە کاریگەریی ململانێ سەربازییەکان کرد و ڕایگەیاند، ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، پێویستی بە ٢٠ تا ٢٥ ساڵ دەبێت.