هەرێم نیوز
دەزگای پاراستنی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا (Secret Service) بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکان، پلانێکی باڵا و بێپێشینەیان بۆ پاراستنی یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦ دانا، ئەم ڕێکارە توندوتۆڵانە دوای ئەوە دێن کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان جەخت لەسەر بەردەوامیی هەڕەشەکانی ئێران دەکەنەوە بۆ سەر ژیانی دۆناڵد ترەمپ، لە پاڵ ئەو هەوڵە چەکدارییانەی پێشتر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بۆ تیرۆرکردنی دران.
سەرەڕای ئەم مەترسییە گەورانە، ترەمپ بڕیاریداوە لەم ساتەدا بە شێوەیەکی مەیدانی ئامادەی یاریی کۆتایی مۆندیال بێت لە یاریگای "میتلایف" لە ویلایەتی نیوجێرسی، ئەمەش هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.
بە فەرمی یاریی کۆتایی خرایە ژێر پۆلێنی (SEAR 1) کە بەرزترین ئاستی پاراستنی ڕووداوە نیشتمانییەکانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ ئەوەی ڕێگە بە بەکارهێنانی تواناکانی سوپا و پنتاگۆن بدرێت.
ستراتیژییەتی سەربازی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان
پلانە ئەمنییەکە بەهۆی سروشتی دۆسیەکەوە ڕەهەندێکی سەربازی و هەواڵگریی چڕی وەرگرتووە:
کۆنترۆڵی ئاسمانی دژ بە درۆن: فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 بەبەردەوامی لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەفڕن، لەگەڵ جێگیرکردنی سیستمی پێشکەوتووی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (Drones) بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هێرشێکی ئاسمانی ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانەوە ئاڕاستە بکرێت.
نیشانەشکێن و بریکارە نهێنییەکان: تیمی تایبەتی نیشانەشکێنی دەزگای هێزە دەریاییەکان (Navy SEALs) و سیکرێت سێرڤس لەسەر بنمیچی یاریگاکە جێگیر دەکرێن، هاوشان لەگەڵ بڵاوەپێکردنی سەدان بریکاری نهێنی لەناو هاندەراندا بۆ دۆزینەوەی هەر جووڵەیەکی گوماناوی.
کەرەنتینەکردنی ئاسمانی: ناوچەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان (No-Fly Zone) بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لە چواردەوری یاریگاکە جێجێ دەکرێت.
ئاڵنگاری نێوان ئاسایشی سەرۆک و کەشی وەرزشی
ئامادەبوونی ترەمپ لەم ساتە هەستیارەدا لەناو یاریگایەک کە جێگەی زیاتر لە ٨٢ هەزار هاندەر دەبێتەوە، گەورەترین ئاڵنگاری ئەمنییە لە مێژووی وەرزشدا.
بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاندووە کە فۆکەسی پلانەکە تەنها لەناو یاریگاکەدا نییە، بەڵکو هێڵەکانی شەمەندەفەر، گواستنەوەی گشتی، هۆتێلەکانی شوێنی مانەوەی شاندە بیانییەکان و سەرکردەکانی جیهانیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک کە توندترین ڕێکاری پاراستن جێبەجێ بکرێت بەبێ ئەوەی کەشە ئاهەنگگێڕانەکەی مۆندیال لە هاندەران تێکبدرێت.