هەرێم نیوز
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر بۆ سەر ئێران، چونکە بە وتەی ئەو، تاران "جددیەتی زیاتر" لە دانوستانەکاندا لەگەڵ واشنتۆن نیشان دەدات.
تڕەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە ئێستادا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە گفتوگۆدان و چاوەڕێی دەرەنجامی ئەو دانوستانانە دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند کە ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە؛ یان گەیشتن بە ڕێککەوتن، یانیش ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی "زۆر توندتر". ئەمەش دوای نزیکەی دوو هەفتە دێت لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دژی تاران و وەڵامدانەوەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجەکان لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان بەتەواوی ئامادەن بۆ هەر هەنگاوێک، بەڵام هێڵی سووری ئەو بۆ گرتنەبەری بڕیاری یەکلاکەرەوە، نزیکبوونەوەی ئێرانە لە پەرەپێدانی چەکی ناوەکی، هەرچەندە تا ئێستا "خاڵی وەرچەرخان" بۆ گەیشتن بەو بڕیارە ڕوون نییە.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە کە تڕەمپ لەگەڵ گەورە ڕاوێژکارەکانیدا کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان، و پێگە هەواڵییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا بیر لە ئەنجامدانی "هێرشێکی گەورە" دەکاتەوە ئەگەر بێتو دانوستانەکان شکستیان هێنا
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، تڕەمپ باسی لە ڕۆڵی ڕووسیا و چین کرد و متمانەی خۆی بە ڤلادیمیر پوتین و شی جینپینگ دەربڕی کە چەک بە ئێران نافرۆشن.
سەرەڕای هەبوونی ڕاپۆرتەکان لەسەر پێدانی زانیاریی هەواڵگریی هەردوو وڵات بە تاران بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا، تڕەمپ ڕایگەیاند کە سەرۆکەکانی چین و ڕووسیا بەڵێنیان پێداوە کە چەک بە ئێران نەدەن و ئەویش باوەڕیان پێ دەکات. هەروەها هۆشداریشی دا کە ئەگەر مۆسکۆ و پەکین چەک بە ئێران بفرۆشن، ئەوا دەرەنجامەکەی بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت و بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندییاندا نابێت.