دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

شارەوانیی هەولێر ڕێنمایی نوێ بۆ کاسبکارانی سەنتەری شار لە ڕۆژانی هەینی جێبەجێ دەکات

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی سەنتەری شار لە ڕۆژانی هەینیدا ڕاگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پاراستنی سیمای شارستانیی هەولێر.

دەستپێکردنی هەڵمەتی شارەوانی و ئاگادارکردنەوەی کاسبکاران
ئەمڕۆ هەینی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک لەگەڵ تیمەکانی، دەستیان بە پێدانی ئاگاداری و جێبەجێکردنی ڕێنمایی نوێ لە ڕۆژانی هەینیدا کرد بۆ فرۆشیاران، کاسبکاران و دەستگێڕانی سەنتەری شار، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر شەقامی گشتی و بازاڕەکانی (شێخ مستەفا) و (شێخەڵڵا) کار دەکەن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی لیژنەکانی شارەوانی، لە %٨٠ی ئەو دەستگێڕ و کاسبکارانەی کە لەو شوێنانە کار دەکەن هاووڵاتیی بیانین و بەبێ گوێدان بە جوانی، سیمای شار و پاراستنی پاکوخاوێنی، تەواوی شەقامە گشتییەکانیان داگیر کردووە؛ هاوکات لە دوای کارەکانیان زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە سەنتەری شار جێ دەهێڵن کە ئەوەش ئەرکی تیمەکانی خاوێنکردنەوەی قورستر کردووە.

وەڵامدانەوەی سکاڵای هاووڵاتییان و داوای هاوکاری
ئەم هەنگاوەی شارەوانیی یەک دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان سکاڵایان هەبوو لەسەر دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، دانانی کەلوپەل لەسەر شەقام و پیادەڕەوان و دەرفەت نەدان بۆ بازاڕکردنی ئاسوودە، بەتایبەت لە ڕۆژانی هەینیدا.

لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر داوا لە تەواوی کاسبکاران و فرۆشیاران دەکات هاوکار و پابەندی ڕێنماییەکان بن، تاوەکو پێکەوە بازاڕێکی ڕێکخراو و کەشێکی ئارام بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و سەرجەم چین و توێژەکان دابین بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP