هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای پاکستان ئاشکرای کرد کە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی سەردانی ئیسلامئاباد دەکات و لەگەڵ فەرماندەی سوپا و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی باڵای پاکستانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ڕیانۆڤستی)ی ڕووسی ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026دا سەردانێکی فەرمی بۆ ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان ئەنجام بدات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەرنامەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین دیداری گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە کۆبوونەوە لەگەڵ عاسیم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، و ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە.