دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكات

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریپێکردن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەردانی بەغدای کرد.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دلشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕووی لە شاری بەغدا کردووە.

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕوونی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، کە سەرجەم چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقی فیدراڵ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی فیدراڵی تیایدا بەشدار دەبن، چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی ئێستای عێراق، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و چۆنیەتیی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و دەربازبوون لەم قۆناغە هەستیارە و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، تاوتوێ دەکرێن.

هەر لە لێدوانەکەیدا، دڵشاد شەهاب ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی دیدار و کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دەدات و تێیاندا پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و کارکردنی هاوبەش بە ئاراستەی هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری نێوانیان، تاوتوێ دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP