هەرێم نیوز
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دانوستان لەگەڵ تاران ڕادەگەیەنێت و جەختیش لەسەر بەردەوامیی گەمارۆ ئابوورییەکان و کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکاتەوە.
لێدوانەکانی ترەمپ لەسەر دانوستان و گەمارۆکان
ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند، واشنتۆن چووەتە قۆناغێک لە دانوستان لەگەڵ ئێران. سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی دانوستانکارانی تارانەوە گوتی: "ئێرانییەکان زۆر فێڵباز و زیرەکن، لەسەر شتێک ڕازی دەبن، دواتر دەچنە دەرەوە و بە میدیاکان دەڵێن کە ئامادە نین ئەو قسانە جێبەجێبکەین."
ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا گەمارۆی ئاسنین بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و تێپەڕین بەناو گەرووی هورمزدا تەنیا بۆ ئەو کەشتییانە دەبێت کە بەڕەو ئێران ناڕۆن.
لابردنی مینەکان و پاککردنەوەی گەرووی هورمز
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە هێزەکانی ئەمریکا مینەکانی ناو گەرووی هورمزیان لابردووە.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە کۆنترۆڵکردنی هێڵی کەشتیوانی لە لایەن واشنتۆنەوە ڕێگە بە تێپەڕبوونی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان دەدات، جگە لەوانەی بارەکانیان بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەبەن.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر هۆشداری دابووە لە هەموو پەککەوتنێک لە جووڵەی کەشتیوانیی گەرووی هورمز و جەختی کردبووەوە کە کاردانەوەکان تەنیا لە ناوچەکەدا سنووردار نابن، بەهۆی ئەوەی ڕێڕەوەکە شادەماری سەرەکیی دابینکردنی وزەی جیهانییە.