هەرێم نیوز
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا و دابەشکردنی داهاتەکەی ئاشکرا دەکات؛ هاوکات رەخنە لە بەغدا دەگرێت بۆ نەدانی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.
ڕێککەوتنی ئەسیکۆدا و لادانی بازگە نایاساییەکان
ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٦، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا کراوە. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا کە دوا خاڵی ناکۆک دابەشکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بوو کە بەپێی دەستوور بڕیار درا بە ڕێژەی ٪٥٠ بۆ هەولێر و ٪٥٠ بۆ بەغدا بێت، ئەمەش کار ئاسانیی تەواو بۆ بازرگانان دەکات.
وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە کە پێویستە کۆتایی بەو بازگە نایاسایی و نادەستوورییانە بهێنرێت کە لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دانراون و باجی نایاسایی لە خەڵک وەردەگرن.
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، رێبەر ئەحمەد ڕوونی کردەوە راپۆرتێکی وردیان پێشکەش بە حکوومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ قەرەبووکردنەوەیان نەناوە و تەنیا بەڵێنیان داوە.
سەبارەت بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتیش، وەزیری ناوخۆ هۆکارەکەی بۆ ئەو هەڕەشانە گەڕاندەوە کە لە ناو خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێم و داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنێت. هاوکات ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدان تاوەکو کۆمپانیاکان خۆیان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژە درۆن بهێنن و بە هەماهەنگیی هاوبەش کێڵگە نەوتییەکان بپارێزرێن.
لە کۆتاییدا وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە گۆڕانکاریی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد و جەختی کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا دەبێتە پەیوەندییەکی دووقۆڵی بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.