هەرێم نیوز
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێڕێزیکردن لە پێکهاتەی ئێزدییانی بە توندی ڕەت کردەوە و جەختی لە پاراستنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ دوشەممە، 10ـی 8ـی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە، فەرهەنگی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان ڕەگ و بنەچەی مێژوویی هەیە و مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هەموو ئایینەکان ڕۆڵیان هەبووە و پێکەوە کار بۆ پەرەپێدانی گیانی تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی کەسێک کە بێڕێزی بە پێکهاتەی ئێزدییان دەکات لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام کردارێکە دوور لە بەهای ئایینی و مرۆڤایەتی.
لە کۆتاییدا وەزارەتی ئەوقاف بەکارهێنانی وشەی نالۆژیکی بەرامبەر هر پێکهاتەیەک بە توندی ڕەت کردەوە و جەختی لە بەهێزکردنی برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیانی همەلایەنە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا کردەوە.