دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەکسیۆس: ئیدارەی ترەمپ بۆ پەیوەندیکردن بە سوپای پاسدارانەوە پەنای بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بردووە

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، کەناڵێکی پەیوەندیی نهێنیی لەگەڵ سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانی ئێران کردووەتەوە بۆ بەردەوامیدان بە دانوستاندنەکان.


بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس کە بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار ئامادە کراوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا دانوستاندنکارانی ئەمریکا لە کاتی هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، دووچاری گومان بوونەوە لەوەی ئایا دانوستاندنکارانی ئێران (محەممەد باقر قالیباف و عەباس عێراقچی) نوێنەرایەتیی بڕیاری کۆتایی سوپای پاسداران دەکەن یان نا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە دەوروبەری 10ـی ئایاردا، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، بە ڕەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە.

 لە پەیوەندییەکەدا داوا لە سەرۆکی هەرێم کراوە یارمەتییان بدات بۆ پەیوەندیکردن بە جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نێچیرڤان بارزانی جێگەی متمانەی هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانییە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە 14ـی ئایاردا بەرپرسێکی سوپای پاسداران مۆبایلێکی کۆدکراوی هێناوەتە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر، و سەرۆکی هەرێم پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جەنەڕاڵ وەحیدی ئەنجام داوە. لە پەیوەندییەکەدا فەرماندەکەی پاسداران دوپاتی کردووەتەوە کە پاڵپشتی لە دانوستاندنەکان دەکەن.

دوای ئەو پەیامە، ئەمریکا پێشنیاری کردووە نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر میوانداریی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران بکات، بەڵام ئێرانییەکان بەهۆی نیگەرانیی ئاسایشی و ترسیان لە هەواڵگریی ئیسرائیل، کۆبوونەوەکەیان لە هەولێر ڕەتکردووەتەوە. 

لە ئێستاشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP