دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیارێکی نوێ لەبارەی مامەڵەی خانەنشینیی فەرمانبەران دەردەکات

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئاسانکاریکردن بۆ مامەڵەی خانەنشینیی فەرمانبەران دەرکرد، بەپێی بڕیارەکەش سەرجەم ڕوتین و ئاستەنگەکانی بەردەم تەواوکردنی مامەڵەکانیان لادەبرێن تاوەکو مووچەکانیان دوا نەکەوێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان ڕاسپێردراون کە پەلە بکەن لە تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینیی ئەو فەرمانبەرانەی کە دەگەنە تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون.

لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، پێویستە سەرجەم ڕوتین و ئاستەنگە ئیدارییەکان لابرێن کە دەبنە هۆی دواکەوتنی مامەڵەی خانەنشینی، بۆ ئەوەی ڕێگری لە پچڕان یان دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بکرێت لەگەڵ گواستنەوەیان بۆ قۆناغی خانەنشینی.

پێشتر بەهۆی درێژەخایەنیی ڕێکارە ئیدارییەکان، بەشێک لە فەرمانبەران دوای گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی بۆ چەندین مانگ مووچەی وەزیفی و خانەنشینییان دەوەستا، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە پێویستە پرۆسەکە بە شێوەیەک ڕێکبخرێت کە لە پێدانی مووچەکەیاندا هیچ بڕین یان دواکەوتنێک ڕوونەدات.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار فەرمانبەر ڕەوانەی خانەنشینی دەکرێن و بەپێی بڕیارە نوێیەکە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP