دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا: نیوەی هاووڵاتیان کەمتر لە 34 هەزار دیناری پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی پسوولەی مانگی شەشی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، نیوەی هاووڵاتیانی هەرێم بەهای پسوولەکەیان کەمتر لە 34 هەزار دینار بووە، هاوکات تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90٪ی هاووڵاتیان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی پسوولەی مانگی شەشی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی هاووڵاتیان ماوەی خولی پسوولەکەیان نزیکەی 43 ڕۆژ بووە. هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە کێشەی "پسوولەی سفر" بۆ بەشێکی هاوبەشان چارەسەر کراوە و بەشەکەی دیکەشی لە خولەکانی داهاتووی پسوولەکردندا چارەسەر دەکرێت.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، نیوەی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا لە مانگی شەشدا کەمتر لەم بڕانەی خوارەوەیان بۆ گەڕاوەتەوە و ئاستی بەکارهێنانیان بەمشێوەیە بووە:
سەرانسەری کوردستان: کەمتر لە 34,000 دینار (462 کیلۆوات کاتژمێر)

پارێزگای هەولێر: کەمتر لە 36,000 دینار (480 کیلۆوات کاتژمێر)
پارێزگای سلێمانی: کەمتر لە 30,000 دینار (418 کیلۆوات کاتژمێر)
پارێزگای دهۆک: کەمتر لە 38,000 دینار (516 کیلۆوات کاتژمێر)
پارێزگای هەڵەبجە: کەمتر لە 27,000 دینار (368 کیلۆوات کاتژمێر)

وەزارەتی کارەبا ئەوەشی بیرهێناوەتەوە کە پێشتر لەم مانگەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنێکی ناوازەی یەکجارەکیی بە ڕێژەی تاوەکو 50٪ لەسەر قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەستەبەر کرد وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوبەشان تاوەکو بتوانن بەیەکجاری قەرزەکانیان بدەنەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەم داشکاندنە دەرفەتێکی یەکجارەکییە و بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی نرخە نوێیەکان 80٪ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانییان دەدا.

شایەنی باسانە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024دا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، دواتریش لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسەند کرد لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP