هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە کەرکووک تێکشکاندنی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاغچێتیکردن بە ماددەی هۆشبەر و دەستبەسەرداگرتنی 20 کیلۆگرام ماریجوانای لە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەشدا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە کەرکووک لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتێکی دراوسێ، زەبرێکی گەورەیان لە تۆڕەکانی قاچاغچێتی و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر داوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، ئەم هەنگاوە دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری و هەماهەنگییەکی ئەمنیی ئاستبەرز هاتوو.
ئۆپراسیۆنەکە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی 20 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانا و تێکشکاندنی تەواوەتیی ئەم تۆڕە نێودەوڵەتییە، هاوکات پلانەکانیان بۆ دابەشکردنی ئەو ماددەیە و بەرفراوانکردنی چالاکییە تاوانکارییەکانیان پووچەڵ کرایەوە.