هەرێم نیوز
ماڵپەڕی "سکای نیوز عەرەبی" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیدا گەیشتووەتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان، لە سەروویانەوە هادی عامری ئەنجامداوە.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەم سەردانە کتوپڕە تیشک دەخاتە سەر دوو مەلەفی یەکجار هەستیار کە بریتین لە:
چارەنووسی چەکی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ٣٠ی ئەیلوول، و تاوتوێکردنی ئەگەری کردنەوەی ڕێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
سەبارەت بە ڕەهەندەکانی ئەم سەردانە، چوار چاودێر و شیکەرەوەی سیاسی بۆچوونی
جیاوازیان خستووەتە ڕوو:
ڕادەستکردنی چەک و گۆڕینی ستراتیژی:
غانم عابد، سیاسی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپەکان لەگەڵ حکومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ڕادەستکردنی چەکە قورسەکانی وەک دەبابە و تۆپ، بەڵام چەکە ورد و درۆنەکان لای خۆیان دەهێڵنەوە. ئەو پێیوایە تاران ئێستا بەهۆی بارودۆخی داراییەوە زیاتر پێویستی بە پێگەی ئابووری عێراقە نەک شەڕکەر کاتێک سێ ئیستحقاقی سەرەکی لەبەردەم بەغدایە؛
کۆنترۆلکردنی چەک، چوونە دەرەوەی هاوپەیمانان و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە.
سەروەری و بڕیارە مێژووییەکان:
سامی نەسف، وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی کوێت، پێیوایە ئەستەمە ئێران دەستبەرداری گرووپەکان بێت چونکە وەک قەڵغانێکی پێشەوە دەیانبینێت. ئەو بڕیار و هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە "مێژوویی" وەسف کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، چونکە دوای نەمانی داعش و کشانەوەی ئەمریکا، هیچ بیانوویەک بۆ چەکداربوونی ئەو گرووپانە نەماوە.
هاوسەنگیی ئەمنی ناوچەیی: حەکەم ئەمهەز، ئهكادیمی و توێژەر، ڕەتیدەکاتەوە ئێران دەستوەردان لە کاروبارەکان بکات و پێیوایە تاران بڕیارەکان بۆ هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی دەهێڵێتەوە، بەڵام مەلەفی نەوت و پرسی گرووپە نەیارەکانی ئێران لە کوردستان لەژێر ڕۆشنایی هەڕەشەکانی ئەمریکادا، لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و تارانن.
دیدگای دەوڵەت و میلیشیا: پۆڵ سالم، باسی لەوە کرد کە پێویستە پێوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا لەسەر بنەمای "دەوڵەت بۆ دەوڵەت" بێت نەک دەوڵەت بۆ میلیشیا، و پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربڕی بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و یاسا.