دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

گرێکوێرەی ئەسەد لە مۆسکۆ؛ ئایا بوتین هاوپەیمانە کۆنەکەی ڕادەستی دادگای سووریا دەکات؟

هەرێم نیوز

پڕۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزەر لە سووریا چووە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و وەرچەرخانێکی دادوەریی نوێوە، دوای ئەوەی دادگای دیمەشق حوکمی غیابیی لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و ماھەری برای دەرکرد.

ئەم بڕیارە مەلەفی راوەستانی هێماکانی ڕژێمی پێشووی لە چوارچێوەیەکی ئەمنی و سیاسییەوە گۆڕیوە بۆ پێگەیەکی فەرمیی یاسایی، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەسەد لە ناو خاکی ڕووسیادایە و مۆسکۆش مافی پەنابەری مرۆیی پێبەخشیوە. ‎

سەبارەت بە ڕەهەند و ئایندەی ئەم بڕیارە دادوەرییە، لە میانی بەرنامەی "ڕادار"ی کەناڵی سکای نیوز عەرەبیدا، دوو دیدگای جیاواز خرانە ڕوو: ‎ داواکاریی گەلی سووریا و پاشەکشەی ڕووسیا: بەسەم سولەیمان، نووسەر و توێژەری سیاسی، پێیوایە دەرچوونی ئەم حوکمە بنەمایەکی یاسایی ڕەوا دەداتە دەسەڵاتی نوێی سووریا بۆ داواکردنی ئەسەد. ئەو هۆشداریی دا کە بەردەوامبوونی مۆسکۆ لە پاراستنی کەسێک کە تۆمەتبارە بە وێرانکردنی وڵات و کوشتنی هاووڵاتیان، باجێکی قورسی ئەخلاقی و کێشەی درێژخایەن لە نێوان گەلانی سووریا و ڕووسیادا دروست دەکات.

سولەیمان ئاشکراشی کرد کە پێگەی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا بە خێرایی کەم دەبێتەوە؛ لە کاتێکدا پێش دوو ساڵ ١١٤ بنکە و خاڵی سەربازییان هەبوو، بڕیارە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا بووونی بنکە فەرمییەکانیان کۆتایی بێت و تەنها دوو ناوەندی مەشق و هاوکاری بمێننەوە. بە بڕوای ئەو، دادگاییکردنی ئامادەیی "عاتیف نەجیب" سەلماندی کە یاسا و دەوڵەت دەگەڕێنەوە و پڕۆسەکە نابێتە تۆڵەسەندنەوەی تایفی یان نەتەوەیی، بەڵکو تەنها سزای تاوانباران دەدات. ‎ پەیوەندییە نوێیەکان و

پارێزبەندیی مۆسکۆ: لە بەرامبەردا، ڤیچسلاف ماتۆزۆف، دیپلۆماتی پێشووی ڕووسیا ڕایگەیاند کە بڕیاری پێدانی پەنابەری مرۆیی (نەک سیاسی) بە ئەسەد لەلایەن باڵاترین سەرکردایەتی ڕووسیاوە دراوە، ئەمەش ڕێگەی لێ دەگرێت هیچ چالاکییەکی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی ڕووسیا بکات، و مۆسکۆش نیازی نییە ئەم بڕیارە بگۆڕێت.

ماتۆزۆف ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکانی مۆسکۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە حەمێمیم و تارتووس، و باڵیۆزی نوێی ڕووسیا، دیمیتری دۆگادکین، گەیشتووەتە دیمەشق بۆ داڕشتنی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکان، بۆیە نابێت دۆسیەی ئەسەد بکرێتە ئامرازێک بۆ گوشار خستنە سەر مۆسکۆ.

لەکۆتاییدا، پڕۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزەر لە سووریا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ نەک تەنها لە دەرکردنی حوکمەکان، بەڵکو لە توانای جێبەجێکردنیاندا، کاتێک چارەنووسی بەشار ئەسەد بووەتە خاڵی بەریەککەوتنی دادوەریی ناوخۆیی سووریا و هاوسەنگییە دیپلۆماسییە نوێیەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP