دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران نەخشەی شەڕی درێژخایەن دەکێشێت

سوپای پاسداران نەخشەی شەڕی درێژخایەن دەکێشێت؛ تاران ئاگرپەروەستی کاتی لەگەڵ واشنتن ڕەت دەکاتەوە و ترەمپیش دەڵێت کۆنترۆڵی تەواوی هورمزمان کردووە

گرژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کێبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەن و چوونە قۆناغێکی نوێی پەرەسەندنی سەربازی و سیاسییەوە، دوای ئەوەی ڕاوێژکارێکی باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پلانی هەیە جەنگەکە درێژە پێبدات تا ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە خولی سەرۆکایەتییەکەی دێت، هاوڕێک لەگەڵ ئەوەشدا تاران هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە درێژکردنەوەی ئاگرپەروەستی کاتی دەکەن لەگەڵ واشنتن.

 

سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاند، کە هیچ گفتوگۆیەک لەسەر درێژکردنەوەی ئاگرپەروەست لە ئارادا نییە، چونکە لە ڕوانگەی ئێرانەوە ڕێککەوتنە کاتییەکەی مانگی حوزەیران (کە ماوەی ٦٠ ڕۆژ بوو) هەر لە بنەڕەتەوە جێبەجێ نەکراوە و ئەمریکا تەنها ٤٨ کاتژمێر دوای ئیمزاکردنی، پێشێلکاریی کرد و دوای چەند ڕۆژێک بە تەواوی لێی کشایەوە، بۆیە شتێک نییە ناوی تەموماوەی درێژکردنەوە بێت. ئەم لێدوانە توندانەی تاران دوای ئەوە هاتن کە سەرچاوە حکومییەکانی پاکستان باسیان لەوە کردبوو کە هەردوولا لەسەر درێژکردنەوەی ئاگرپەروەستەکە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژی تر ڕێککەوتوون بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان، بەڵام بەرەی ئێرانی نەک هەر ڕێککەوتنی ڕەتکردەوە، بەڵکو باسی لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ستراتیژیی سەربازیی خۆیدا کرد. محەمەد ڕەزا نەقدی، ڕاوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسداران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (PBS) بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە ستراتیژی ئێران بۆ درێژکردنەوەی جەنگ تا تێپەڕینی خولی سەرۆکایەتی ترەمپ، بە ئامانجی داخورانی ئابووری و سەربازی ئەمریکایە و وتی پێویستە ئاستی ڕێگریمان بگەیەنینە قۆناغێک کە دوژمن نەوێرێت هێرش بکات، و لەم پێنج مانگەی جەنگدا، سوپای ئەمریکامان لەوە لاوازتر بینی کە وێنامان دەکرد، و فێربووین چۆن شەڕی لەگەڵ بکەین، بۆیە عەقیدەی سەربازیمان لە بەرگرییەوە دەگۆڕین بۆ هێرشبەرانە و پێویستە توانای گواستنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ ناو خاکی دوژمن هەبێت.

 

هاوڕا لەگەڵ ئەمەشدا، عەلی ڕەزا شێخ، جێگری فەرماندەی سوپای ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان خۆیان بۆ "شەڕێکی درێژخایەن" ئامادە کردووە و توانای بەردەوامی بەرهەمهێنانی موشەک و درۆنەکان ئەو هێزەیان پێدەبەخشێت کە پاشەکشە نەکەن.

 

لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ وەڵامی مەرجەکانی پێشووی تارانی دایەوە (کە داوای ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانیان و ڕاگرتنی شەڕی غەززە و لوبنانیان دەکرد) و مەرجێکی نوێی خستەڕوو کە تێیدا داوای کرد دەبێت ئێران قەرەبووی زیان و کوژراوانی هێرش و ناڕەزایەتییەکانی ٥٠ ساڵی ڕابردوو بداتەوە، ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەمریکا ئێستا بە تەواوی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و لە قۆناغێکدا ئەگەر ئێرانییەکان کارێکی هەڵە بکەن، بە تەواوی لەناودەبرێن. ترەمپ تەنانەت ئاماژەی بە گۆڕینی نهێنیی فڕۆکەکەی کرد لە مانگی ڕابردوودا لە تورکیا بەهۆی بوونی زانیاری هەواڵگری لەسەر هەڕەشەی تیرۆرکردنی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ نیگەرانییەکی نییە. هاوکات لەسەر زەوی و لە قووڵایی ئاوەکاندا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە دوایین پێشهاتدا ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی سەر ئاو و بەندەرەکانی ئێران بە تەواوی و بە توندی بەردەوامە و تا ١١ی ئەیلوول، هێزەکانیان ڕێڕەوی ٥٥ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و سێ کەشتییان پەکخستووە کە ویستوویانە گەمارۆکە بپەڕێنن، لەوانەش کەشتیی "ڤیلا نۆڤا" کە بە موشەکی هێڵفایەر لە ناوچەی بزوێنەرەکەی درا و پەکخرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناوچەکە لەبەردەم سیناریۆیەکی کراوەدایە و هیچ کام لە جەمسەرەکانی شەڕەکە ئامادەی پاشەکشە نین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP