دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

گەرووی هورمز لە نێوان موشەکەکانی ئەمریکا و سووربوونی تاران لەسەر داخستنی؛ بازاڕەکانی نەوت دەشڵەژێنێت

هەرێم نیوز

بازاڕەکانی وزەی جیهان شایەتی شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بوون، دوای ئەوەی ئومێدەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران کاڵبوونەوە و تاران سووربوونی خۆی لەسەر بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز ڕاگەیاند.

هاوکات لەسەر زەوی، سوپای ئەمریکا بە توندی هێزی سەربازیی بۆ چەسپاندنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران بەکارهێنا. پێکدادانی سەربازی لە دەریادا و گەمارۆی ئەمریکا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی وڵاتەکەی بە دوو موشەک ژووری بزوێنەری کەشتیی بارهەڵگری "ڤیلا نۆڤا"ی کردووەتە ئامانج کە ئاڵای پەنەمای هەڵگرتبوو، ئەمەش دوای ئەوەی ستافی کەشتییەکە هۆشدارییەکانی ئەمریکایان پشتگوێخست و هەوڵیاندا لە بەندەرێکی ئێرانی نزیک ببنەوە.

ئەمە سێیەمین جارە لە دوای ١٤ی تەممووزەوە کە سوپای ئەمریکا هێز بۆ ڕێگریکردن لە کەشتییەکان بەکارهێناوە، لەو ماوەیەشدا ڕێڕەوی ٥٥ کەشتیی تری گۆڕیوە کە هەوڵی بەزاندنی گەمارۆکەیان دابوو.

هاوکات لە بەرەیەکی تری دەریاییدا، هێرشێکی موشەکی بۆ سەر کەشتیی بازرگانیی "تیهامە" لە گەرووی باب المندب قوربانیی لێکەوتەوە. مەسڵەحەتی پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن (خەفرولسواحل) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە لە نێوان کوژراوەکاندا چوار کەسیان لە ستافی کەشتییەکە بوون (سێ باکستانی و یەک ئەندۆنیزی)، جگە لە گیانلەدەستدانی دوو سەربازی هێزە چەکدارەکانی یەمەن کە بەشدارییان لە پرۆسەی ڕزگارکردنی ستافەکەدا کردبوو. وەزارەتی گواستنەوەی یەمەنیش ڕوونی کردەوە کە کەشتییەکە سێ موشەکی بالیستی پێکاوە و زیانی زۆری بەرکەوتووە.

هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و نەوت باز دەدات لەسەر ئاستی دارایی، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.٤٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٨.٩١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکی بە ڕێژەی ١.٣٪ ڕووی لە هەڵکشان کرد و گەیشتە ٨٣.٢٠ دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیە ڕاستەوخۆ دوای لێدوانە توندەکانی موحسین ڕەزایی، ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هات، کە ڕایگەیاند: "گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە مەگەر ئەمریکا ڕەفتارەکانی بگۆڕێت و مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات"، کە بریتین لە کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران و ڕاگرتنی شەڕ لە تەواوی ناوچەکەدا، بە تایبەت لە غەززە و لوبنان.

محەمەد موخبیر، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێرانیش لە پلاتفۆرمی ئێکس پشتڕاستی کردەوە کە سزادانی دەستدرێژیکاران بەردەوام دەبێت و هورمز ناکرێتەوە. ئەم گەرووە پێش جەنگ ڕۆژانە ١٣٠ بۆ ١٤٠ کەشتی پێدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام بەپێی داتاکان، ڕۆژی دووشەممە تەنها ٦ کەشتی پێدا ڕۆیشتووە. هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئومێدی ناوەندەکان سەرەڕای لێدوانە توندەکانی تاران، قەتەر و پاکستان وەک دوو نێوەندگیری سەرەکی ئاماژە بە هەبوونی پێشکەوتن دەکەن.

خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلۆمبێرگ ڕایگەیاند کە نیشانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەریدەخەن واشنتن و تاران لە گەیشتن بە جۆرێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی یان تێگەیشتنی نوێ نزیک دەبنەوە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی نێوان عومان و ئێران لەسەر داهاتووی گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP