هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکاتەوە و توندترین ڕەخنەش لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگرێت.
کۆنترۆڵکردنی چەک و هەڵوێستی تاران
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئێران ئامادەیی تارانیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەقامگیری لە عێراق خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکە دەکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "چەک دەبێت بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت." هاوكات ڕوونی کردەوە کە ئەو پەیامەی تاران ڕاستەوخۆ بە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو گەیەندراوە بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان لەم دۆسیەیەدا.
کاریگەریی گرووپە چەکدارەکان و هێرشەکان بۆ سەر هەرێم
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی "الشرقیة نیوز"، نێچیرڤان بارزانی ڕەخنەی توندی لە گرووپە چەکدارەکان گرت و گوتی: "با گرووپە چەکدارەکان پێمان بڵێن ئەو ئامانجانەی ئەمریکا کامانەن لە هەولێر بۆردومانیان کردووە؟ بڕوام پێ بکەن هیچ کاریگەرییەکیان بۆ سەر ئەمریکییەکان دروست نەکردووە، هێندەی ئەوەی کێشەی ئابوورییان بۆ هەرێمی کوردستان خولقاندووە و ژێرخانی ئابوورییان کردووەتە ئامانج کەکەرتی سەرەکیی دارایی عێراقن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە بوونی گرووپەکانی بەرگری (مقاوەمە) هیچ سودێکی نییە و ئەمریکا خۆی بڕیاری کشانەوەی داوە و کاتەکەی تەواو بووە. گوتیشی چیتر هیچ پاساوێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی چەک لە دەستی ئەو گرووپانەدا بێت و کێشە بۆ سەقامگیریی وڵات دروست بکەن.
چارەنووسی هاوبەش
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکان کاتێک سەر هەڵدەدەن کە یەکڕیزی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەبێت، لە کاتێکدا چارەنووسی هەمووان یەکە، چ لە بەغدا، بەسرە، زاخۆ، یاخود دهۆک بێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٦دا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەستپێکردووە و دووپات دەکرێتەوە لە دوای ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦، هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان قبووڵ ناکرێت.