هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق چارەسەری بەپەلە بۆ پرسی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا نەدۆزێتەوە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی دابڕانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی 8ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، پرسی کۆکردنەوەی چەک تەنیا پابەندبوون نییە بەرامبەر بە ئەمریکا، بەڵکو پرسێکە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی راستەوخۆی گەلی عێراقەوە، چونکە ناکرێت بەرژەوەندی و چارەنووسی وڵات ڕادەستی کۆمەڵێک گرووپی دەرەوەی یاسا بکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گرووپانە تا ئێستا زیاتر لە هەزار جار هەرێمی کوردستان و بارەگا ئەمنییەکانی ناو بەغدایان بۆردومان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی عەرەبیی دراوسێ پەرۆشن بۆ هاوکاری و وەبەرهێنان لە عێراقدا، بەڵام ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆنترۆڵکردنی چەک، پشتیوانییە هەرێمایەتییەکانی تووشی دوودڵی کردووە.