دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

لە گوندی ئەڵمانی لە کەلار تەرمی مامۆستایەک لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە

هەرێم نیوز

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند لە گوندی ئەڵمانی لە قەزای کەلار تەرمی هاووڵاتییەک کە پیشەی مامۆستایە لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و پۆلیس لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی 8ـی 2026، عەقید سۆران محمد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی تەرمێک لە ماڵێکدا لە گوندی ئەڵمانی لە قەزای کەلار، دەستبەجێ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، بەڵگەوتاوان و مەفرەزەی بەشی پۆلیسی کەلار چوونه شوێنی ڕووداوەکە.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، دەرکەوتووە هاووڵاتییەکە پیشەی مامۆستایە بە ناوی (شکار عەبدوڵڵا حەمید)، لەدایکبووی ١٩٨٤، لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە. بەپێی تێکچوونی تەرمەکەشی دیارە ماوەیەکی زۆرە گیانی لەدەستداوە و بەهۆی ئەوەی بەتەنها ژیاوە، کەس پێی نەزانیوە.

لە کۆتاییدا پۆلیسی گەرمیان ئاشکرای کرد، لە ئێستادا تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە و هێزەکانی پۆلیس سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارین سەبارەت بە هۆکاری دەقیقەی گیانلەدەستدانی ناوبراو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP