هەرێم نیوز
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت وەڵامی لێدوانێکی وەزیری نەوتی عێراقی دایەوە و ڕایگەیاند، بەشی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ زیاتر لە دووبەرامبەری بڕی ئێستایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی 8ـی 2026، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بە لێدوانێکی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ کرد کە گوتبووی ئامادەن بەنزینی پێویست بۆ هەرێم دابین بکەن ئەگەر پەنجا هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بەکارهێنانی ناوخۆ ڕادەست بکرێت.
وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕوونی کردەوە کە دیاریکردنی پەنجا هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بووە و بە خواست و ویستی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو بە هەموو پێوەرێک بەشی ڕاستەقینەی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ زیاتر لە دووبەرامبەری ئەم بڕەی ئێستایە.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتوو، ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئامادە بێت گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکات، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکان ئامادەن دانوستان بکەن بۆ دیاریکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان.