هەرێم نیوز
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت ڕایدەگەیەنێت، دابەشکردنی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو بە نرخی ٧٥٠ دینار دەستی پێکردووە و چاودێرییەکی توندیش خراوەتە سەر بەنزینخانەکان بۆ ڕێگری لە گەندەڵی.
دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو و پشکی بەغدا
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەممەوە ١٥ی ئاب، دابەشکردنی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو بە نرخی ٧٥٠ دینار دەستی پێکردووە و ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزین بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت.
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بەنزینی حکوومەتی فیدراڵی، کەمال محەممەد ڕوونی کردەوە کە بەغدا تەنیا یەک ملیۆن و ٧٥٠ هەزار لیتر بەنزین دابین دەکات، لە کاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمدا هەن، بەمەش بڕی هاوردەکراو لە بەغداوە بەشی پێداویستییەکان ناکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن تاوەکو پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل یان دانیشتووان دیاری بکرێت.
ڕێکارەکانی ڕێگری لە گەندەڵی و دۆخی بەنزینی بازرگانی
وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی، سەرجەم تانکەرەکان سیستەمی "جی پی ئێس"یان بۆ دانراوە و لە پاڵاوگەکانەوە تا بەنزینخانەکان چاودێری دەکرێن، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایش و قایمقامیەت، کامێرای چاودێری لە بەنزینخانەکان جێگیر کراون.
لە کۆتاییدا وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بە بەنزینی موحەسەن و سوپەر کرد و ڕایگەیاند، ئەم جۆرانە بازرگانین و لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕێکی زۆر دەخرێتە بازاڕەوە، ئەمەش فشار لەسەر بەنزینی نۆرمال کەم دەکاتەوە.