هەرێم نیوز
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت دەکات و دەڵێت، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقە.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکە لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە کاتێکدا هەموو لایەک چاوەڕوانی پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەداخەوە شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی دوو درۆنەوە نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کرانە ئامانج.
پارتی جەختی کردووەتەوە کە بە توندترین شێوە ئەم کردەوە تێکدەرانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات و ئاماژەی بەوە داوە کە هەرێمی کوردستان هەردەم هەوڵی دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی داوە لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەشێک نەبووە لە شەڕ. هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە مەترسیدارن و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.
داواکاری لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکان
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی کردووەتەوە کە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جددی بێتە دەنگ و ڕێگە لەم هێرش و پێشێلکارییانە بگرێت.
هاوکات داوای کردووە حکوومەتی عێراق لە زووترین کاتدا و بە ڕێگەی گونجاو بەرەنگاری ئەو جۆرە دەستدرێژییانە ببێتەوە.