هەرێم نیوز
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک تێلیکۆم کرد و داوای لێکردن ڕێکاری خۆپارێزی بۆ پاراستنی هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرنە بەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی 8ـی 2026، کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، داوا لە بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک دەکرێت پێش ئەوەی وەرگرتنی کورتەپەیام (SMS) و کۆدی دڵنیایی لەسەر ژمارەکانیان بوەستێت، ژمارەی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی دیکە (ئاسیاسێڵ یان زێن عێراق) یان ئیمەیڵ و بەرنامەکانی سەلماندن (Authenticator) بۆ هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان زیاد بکەن.
کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی بەردەوامیی ڕێکارە ڕێکخستنی و یاساییەکانی پەیوەست بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم دێت، هاوکات جەختی کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارانە تەنیا بۆ خۆپارێزییە و بە مانای دەستبەرداربوون لە ژمارەکانی کۆڕەک نایەت.