دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

کۆبوونەوەی حەلبووسی و قالیباف لە بەغدا رووبەڕووبوونەوەی توندی لێ کەوتەوە

هەرێم نیوز

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەغدا، لە کەشێکی ئاڵۆز و پڕ لە گرژیدا بەڕێوە چووە و چەندین دۆسیەی هەستیاری وەک چەکی بێمۆڵەت، هەناردەی نەوت و گەندەڵی بوونەتە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا.

دەنگۆکانی کۆبوونەوەکە و پرسی گرووپە چەکدارەکان
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵی "ئەلحوڕە" لە زاری ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەوە ئاشکرای کردووە، هیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ڕاشکاوی ڕووبەڕووی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووەتەوە و لێی پرسیوە: "ئایا ئێران قبول دەکات عێراق گرووپێکی چەکدار لە ناو خاکی ئێراندا دروست بکات و پاڵپشتییان بکات؟"، قالیباف لە وەڵامدا گوتبووی: "بێگومان نەخێر، ئێمە پاڵپشتی لە بڕیاری دەوڵەتی عێراق دەکەین".
حەلبووسیش وەڵامی داوەتەوە کە "کەواتە دەبێت کۆتایی بە هەر شتێک بهێنن کە پێچەوانەی ئاراستەی دەوڵەتی عێراق بێت".

ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدان کە حکوومەتی عێراق ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵی وەک دواوادە بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دیاری کردووە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن قالیباف هەوڵی داوە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی قایل بکات چەکەکانیان ڕادەست نەکەن، یان لەناو پەیکەرەی حەشدی شەعبیدا بیهێڵنەوە.

ناکۆکی لەسەر هەناردەی نەوت و ناوچەی کەنداو
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لە کاتی باسکردنی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، قالیباف دەستەواژەی "کەنداوی فارسی" بەکار هێناوە، بەڵام حەلبووسی دەستبەجێ ناڕەزایەتی دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە شتێک بەو ناوەوە بوونی نییە.

هاوکات حەلبووسی گلەیی ئەوەی کردووە کە بۆچی ئێران ڕێگری لەو کەشتییانە دەکات کە نەوتی عێراق دەگوێزنەوە و داوای کردووە عێراق بەدەر بکرێت لە فشارەکان، چونکە هەناردەی نەوتی عێراق لە ٤.٣ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ١.٢ ملیۆن بەرمیل پاشەکشەی کردووە. بەڵام قالیباف ڕەتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە بارودۆخەکە ڕێگە بە هیچ کەشتیەک نادات.

دۆسیەی گەندەڵی و کاردانەوەکانی سۆشیال میدیا
بەپێی سەرچاوەکانی ئەو کەناڵە، حەلبووسی ئاماژەی بە دەستوەردانی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرگریکردن لە تۆمەتباران کردووە، بەڵام قالیباف وەڵامی ئەم بابەتەی نەداوەتەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، گرژییەکان گەیشتنە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس؛ قالیباف وێنەیەکی خۆی لەبەردەم نەخشەیەک بڵاوکردەوە کە لەسەری نوسرابوو "کەنداوی فارس"، لە بەرامبەردا حەلبووسی وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە لەسەر نەخشەکە نوسرابوو "کەنداوی عەرەبی".

سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، لە بەیاننامە فەرمییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئاماژە بەم دەمەقاڵێ و ناکۆکییانە نەکراوە و تەنیا باسی لە پەیوەندیی دۆستانە و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP