دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

عێراق لە وادەی چەكدانانی میلیشیاكان پاشگەز بووەتەوە و بەریتانیایش هۆشداریی دەدات

هەرێم نیوز

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاوی كردووەتەوە، ناڕاستەوخۆ حكوومەتی عێراق لە وادەی چەكدادان پاشگەز بووەتەوە، هاوكات بەریتانیایش هۆشداریی داوە چەكی میلیشیاكان بۆ ئەوروپایش هەڕەشەن.

ڕوونکردنەوەی حکوومەتی عێراق لەسەر وادەی ٣٠ی ئەیلول
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە وادەی ٣٠ی ئەیلولی داهاتوو تایبەتە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، نەک دوا مۆڵەت بۆ گرووپە چەکدارەکان بۆ کۆکردنەوەی چەکەکانیان.
حەیدەر العەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی "دیالۆگی بەغدا" ڕوونی کردەوە، ئەو وادەیە بۆنەیەکە بۆ بەرزکردنەوەی هەوڵەکان لە پێناو جێگیرکردنی ئاسایش، هەروەها گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپەکان بە ڕێکوپێکی و بەرەوپێشچوونی باشەوە بەڕێوە دەچن.

لای خۆشییەوە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، هەموو هێزە سیاسییەکان هاوڕان لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر میکانیزمی ڕادەستکردنەکەیە. ڕوویشی کردەوە میکانیزمەکە لە سێ هەنگاو پێک دێت: ڕاگەیاندنی وەستاندنی کاری سەربازی، ڕادەستکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکان، تاڕێگە بە جووڵاندنی سەربەخۆی چەکداران نەدرێت.

سەردانی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا
قالیباف لە کاتی گەیشتنیدا، لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا، لە «مۆنیۆمێنتی قاسم سێلمانی و ئەبو مەهدی ئەلمووهەندیس»؛ واتە شوێنی تیرۆرکردنەکەیان لە نزیک «فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا»، رایگەیاند کە «بەرەی مقاومە لە عێراق بووەتە توخمێکی سەرەکی لە توخمەکانی هێزی جیهانی»، و ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران بەرەو چەسپاندنی ڕێبازێکی نوێ دەچن دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی.

سەرچاوەکان لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا رایانگەیاند کە قالیباف پێشنیازی ئێرانیی پێ بووە بۆ خۆپاراستن لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان حکومەتی عێراق و میلیشیا نزیکەکانی تاران، لەوانەش بیرۆکەکان سەبارەت به «سڕکردنی» چەکی قورس یاخود شاردنەوەی تا ئەو کاتەی کە ڕێککەوتنێکی سیاسی دەکرێت لەسەر داهاتووی چەکی میلیشیاکان.
نەتوانرا بە شێوەیەکی سەربەخۆ وردەکاریی ئەم پێشنیازانە بسەلمێنرێت، هەروەها هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەلایەن تاران یان حکومەتی عێراقەوە لەسەریان بڵاونەکراوەتەوە.

هۆشداریی لەندەن لەسەر چەکی دەرەوەی حکومەت (میلیشیاکان)
لە بەرامبەردا، عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا هۆشداری دا لەوەی بوونی چەکی میلیشیاکان لە عێراقدا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەوروپاش.
باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا، ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی یاسان پشتگیری لە دەوڵەتێکی دراوسێوە دەگرن و بەشێک لە لیواکانی حەشدی شەعبی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی جێبەجێ ناکەن، جەختیشی کردەوە ئەگەر هەڵوێستی گرووپەکان بەرامبەر بە داماڵینی چەک بەردەوام بێت، مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە ئارادایە.

دەستپێکردنی ڕادەستکردنی چەکی قورس و درۆن
هاوكات بەپێی ڕاپۆرتە خۆجێییەکان، گرووپی "عەسائیبی ئەهلی حەق" بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، پێش دوو ڕۆژ دەستی کردووە بە ڕادەستکردنی چەکەکانی بە دەوڵەت. پرۆسەی ڕادەستکردنەکە لە بنکەیەکی شارۆچکەی یوسفییە بەڕێوە چووە و کۆمەڵێک چەک و بڕێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) لەخۆ دەگرێت، بە ئامادەبوونی لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی حەشدی شەعبی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP