دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن؛ ئێران دەیویست بەشێوازی ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و شکستیهێنا

هەرێم نیوز

ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران هاوشێوەی پلانێکی ئەمریکا، دەیویست دوای شەڕی ناوخۆی سوریا، پلان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا دابنێت و ملیاران دۆلاری بۆ هەژموونی خۆی لەوێ تەرخان کردبوو.

بەڵگەنامەکانی باڵیۆزخانە تاڵانکراوەکەی لە دیمەشق کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، دەریدەخەن کە چۆن پلانەکە بە ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی شکستیهێناوە.

ئێران پلانێکی گەورەی بۆ سوریا هەبوو، کە لە پلانی ئەو وڵاتەی کە بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێت وەریگرتبوو، واتە ئەمریکا.

هەروەک چۆن ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە وەبەرهێنانی ملیاران دۆلار لە ئاوەدانکردنەوەی ئەوروپادا هەژموونی جیهانی خۆی چەسپاند، ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاوەدانکردنەوەی سوریا، دەیویست هەمان کار بکات.

لەم بەرنامە گەورەیە کە لە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی ئێرانیی 33 لاپەڕەیی پێکهاتبوو، چەندین جار ئاماژە بە "پلانی مارشال" دەکات، کە پلانی سەرەتایی ئەمریکا بوو بۆ زیندووکردنەوەی ئەوروپا لە دوای جەنگ. کە ستراتیژی ئەمریکا سەرکەوتووش بوو: پلانەکە وایکرد بە "دروستکردنی وابەستەیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی-کەلتوریی". ئەوروپا ناچاربکات پشت بە ئەمریکا ببەستێت.

ئەم بەڵگەنامەیە لە مانگی ئایاری 2022 و لە لایەن یەکەیەکی سیاسەتی ئابووری ئێرانەوە نووسراوە کە بنکەکەی لە سوریایە، لە لایەن پەیامنێرانی ڕۆیتەرزەوە لە باڵیۆزخانەی تاڵانکراوی ئێران لە دیمەشق لە کاتی سەردانیکردنی بیناکە لە مانگی کانوونی دووەمدا دۆزرایەوە.

ئەو بەڵگەنامەیە، لەنێو سەدان بەڵگەنامەی دیکەدا کە لەوێ و شوێنەکانی دیکەی پایتەخت دۆزیویانەتەوە - نامە، گرێبەست و پلانی درێژخایەن نیشان دەدات کە ئێران چۆن بەنیازی وەرگرتنەوەی ئەو ملیاران دۆلارەی کە بۆ ڕزگارکردنی سەرۆک بەشار ئەسەد لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی درێژخایەنی وڵاتەکەدا خەرجی کردووە، قەرەبوو بکاتەوە.

بەڵگەنامە ستراتیژییەکە بەنیازی بنیاتنانی ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری لە سوریا داڕێژراوە، لە هەمان کاتدا وابەستەیی لەسەر هاوپەیمانی ئێران قووڵتر دەکاتەوە.

ئاماژە بەوە کراوە ئەم ستراتیژە هەلێکە بۆ دەستخستنی داهاتی 400 ملیار دۆلاری.

بەڵام ئەم هیوا ئیمپریالیستییانە سەرجەمیان هەڵوەشانەوە. ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران و هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا. دیپلۆمات و کۆمپانیا ئێرانییەکان ئەوکات بەپەلە لە ئێران هەڵهاتن، باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقیش لەلایەن ئەو سوورییانەی کە ئاهەنگی ڕووخانی ئەسەدیان دەگێڕا، تاڵان کرا.

لە نێو ئەو وەبەرهێنانەکانی ئێران لە سوریا، وێستگەیەکی کارەبایی 411 ملیۆن یۆرۆ لە لازقیەی کەناراوی هەبوو، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەندازیاری ئێرانییەوە دروست دەکرا. لە ئێستادا وێستگەکە بێکار وەستاوە. پڕۆژەیەکی دەرهێنانی نەوتیش لە بیابانی ڕۆژهەڵاتی سوریا جێهێڵراوە. پردێکی شەمەندەفەری ڕووباری فورات بە بڕی 26 ملیۆن دۆلار کە لەلایەن ڕێکخراوێکی خێرخوازی ئێرانییەوە دروستکرابوو کە پەیوەندی بە خامنەییەوە هەیە، ساڵانێک لەمەوبەر لەژێر هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا ڕووخا، و نە چاککرایەوە و نە پارەی تەواویشی پێدرا.

نزیکەی 40 پڕۆژەی ناو فایلە جێهێڵراوەکانی باڵیۆزخانەکە، بەشێکی کەم لە کۆی گشتی وەبەرهێنانی ئێران دەردەخات. بەڵام ڕۆیتەرز تەنها لەو باڵەخانەیەدا بۆی دەرکەوتووە کە قەرزە نەدراوەکانی سوریا بە کۆمپانیا ئێرانییەکان بەلایەنی کەمەوە گەیشتووەتە 178 ملیۆن دۆلار. لە کاتێکدا ئەندامانی پێشووی پەرلەمانی ئێران بە ئاشکرا کۆی قەرزەکانی حکومەتی ئەسەدیان بە ئێران بە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار خەمڵاند.

لە کۆتاییدا هیواکانی ئێران بۆ لاساییکردنەوەی پلانی مارشال و دروستکردنی ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری لە سوریا، زیاتر بەو ئاکامە ڕۆیشت کە ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان ڕووبەڕووی بووەوە.

بۆ حاکمەکانی ئێران، ڕووخانی ئەسەد و داڕمانی پلانەکانیان لە سوریا لە کاتێکی هەستیاردابوو. ئەوان بەهۆی لەناوبردنی بریکارە سەرەکییەکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە، حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە لاواز بوون.

ئێران لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادان بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک کە ڕەنگە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڵوەشێنێتەوە، یان ئەگەریس ڕێککەوتن ڕەتبکەنەوە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی ببنەوە.

هەروەها ڕکابەرە ناوچەییەکانی ئێران، لەوانەش تورکیا و ئیسرائیل پەلە دەکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی کشانەوەی ئێرانەوە بەجێماوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP