دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

لە عێراق "مین" و پاشماوەکانی جەنگ 30 هەزار کەسى کردووەوتە قوربانیی

هەرێم نیوز 

مین و تەقەمەنی لەکاتى جەنگ و دواى جەنگیشدا کێشە بۆ خاک و ئاوو بوژاندنەوەکانى دوای جەنگ دروستدەکەن، ئەم کێشەیە لە عێراقدا مێژوویەکى دوور درێژى هەیە و وابەستیە بەو جەنگانەى کە عێراق لەگەڵ نەیارەکانى کردوویەتى، کەچى سەرەڕای گۆڕینى سیستمى فەرمانڕەوایی و کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتى بەعس ئەو کێشەیە هەر ماوەتەوە.

عەقیل موشریفاوی شارەزاى بوارى مین باس لەوە دەکات دەیان کیلۆمەتر بە مین و تەقەمەنى داپۆشراون، تەنانەت باس لەوەشدەکان سەرەڕای ئەوەى رژێمی بەعس لە 2003 ـەوە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام هێشتا گوندهەیە لە عێراقدا لەبەر مەترسییەکانى بۆمب و مین و کەرەستە جەنگییەکانى بە چۆڵکراوى ماوەتەوە، هەزاران پارچە زەویی سوودیان لێنابینرێت، باس لە هۆکارەکانى دواکەوتنى پاکنەکردنەوەشیان دەگەڕێنێتەوە بۆ گرنگی نەدانى حکومەت بەو بوارە و بەشێکیشى پەیوەندیی بە گەندەڵی و پارە بەخەرجدانى زیاترە، بەشێک لە کۆمپانیا ئەهلییەکانیش لەو بواردەدا تێوگلاون؟

نێردەى لیژنەى نێودەوڵەتى خاچى سووری نێودەوڵەتى بۆ عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە نزیکەى 25 ملیۆن مین و تەقەمەنى کۆنترۆڵنەکراو لە عێراقدا هەن و مەترسییان لەسەر هاووڵاتییان دروستکردووە، ئاماژەیان بەوەشکردووە زۆرینەى کێڵگە مینییەکانى عێراق دەکەونە سنوورەکانى نێوان عێراق و ئێران و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەى نێوان هەردوو وڵات کە لە 1980 دەستىپێکردووە و لە 1988 کۆتایی هاتووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە بەشێکى تر لە مینەکان دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دژ بە داعش و زۆرینەى ئەم مینانە لەناوخۆی وڵاتەکەدان و مەترسی ئەمانە زیاترە، لەبەر ئەوەى نزیکن لە ژیانى رۆژانەى هاووڵاتییانەوە، لە راپۆرتەکەى خاچى سوورى نێودەوڵەتیدا هاتووە لە ماوەى 10 ساڵی رابوردوودا بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە (8500)  کەس بوونەتە قوربانى مین و لەنێوان کوژراو برینداردان و ساڵانەش سەدان کێشەى مین و تەقەمەنییەکان روودەدەن، ئەوە لەکاتێکدا فازڵ عەزاوى بەڕێوەبەرى ناوەندى ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە مانگی شوباتى رابوردوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو لە ساڵی 2003 بە دواوە قوربانییەکانى مین و تەقەمەنى لە عێراق 30 هەزار کەسى تێپەڕاندووە، بەگوێرەى ئامارە نافەرمییەکان لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار کەسیان پەلێکى جەستەیان لەدەستداوە..

شارەزایان باس لەوەشدەکەن بەشێکى زۆر لەو کێڵگە مینی و تەقەمەنییانە لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتى کوردستاندایە، رووبەرێکى زۆری کێڵگەکان تا ئێستاش پاکنەکراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانى گوندە سنوورییەکانى کردووەتە ئامانج و زیانى گەورەى لێدوان، بەڵام مەترسییەکە هەر ئەوە نییە لە شوێنى دیاریکراودا مین و تەقەمەنییەکان نەماونەتەوە، بەهۆی دابارین و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە بەشێک لەو مین و تەقەمەنیانە خزاون بۆ شوێنە دوور و نزیکەکان، هەربۆیە شارەزایان باوەریان وایە دەبێت بە وریایی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو  بابەتەدا بکرێت، بە تایبەتى ئێستا کە وەرزی چوونە دەرەوە و گەشت و گوزارە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP