جووەکان ساڵانە لە کاتی ساڵيادی هۆلۆکۆست، زۆر تەرکيز دەکەنە سەر خاڵێک، ئەويش هەبوونی دەوڵەتی ئيسرائيلە. زۆربەی جووەکان پێيانوایە جارێکی تر ناگەڕێنەوە بۆ سەردەمی هۆڵۆکۆست، نەک لەبەر ئەوەی جيهان و یاساکان و دەوڵەتان و هاوکێشەکان گۆڕاون، نەک لەبەر ئەوەی ئەمريکا نزيکترين هاوپەيمانيانە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئێستا خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەهێزی خۆیانن. چەند ساڵێک پێش ئێستا نەتانياهۆ لە گوتارێکيدا لە ساڵيادی هۆڵۆکۆست وتی "ئەو ويست و پلانە هەر ماوە و نەگۆڕاوە کە هۆڵۆکۆستێکی تر دووبارە بکاتەوە، بەڵام شتێک گۆڕاوە ئەويش ئەوەیە جووەکان خاوەنی ئيسرائيلن و جارێکی تر ڕێگە نادات هۆلۆکۆست دووبارە ببێتەوە".
پێش درووستبوونی ئيسرائيل، گەورەترين تراژيديای جووەکان ئەوە بوو کە توانای بەرگری لە خۆکردنيان نەبوو، یاسا و ئەوانی تريش بەرگريان لێ نەدەکردن. بۆیە پێش نازييەکانيش، بەردەوام کۆمەڵکوژی و سووکایەتی و ستەميان لێکراوە، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو کارەساتانە نەبوونی دەوڵەتێک بوو کە بەرگريان لێبکات. ئەگينا، ئەو سەردەمەش وەک ئێستا، زۆربەی دەوڵەمەند و زانا و کەسە خاوەن پێگە گرنگەکان لە جيهاندا، هەر جووەکان بوون، بەڵام هەموو ئەوانە نەيانتوانی ئەو ڕۆڵە ببينن کە دەوڵەتێکی بچووکی وەک ئيسرائيل دەيبينێت (هەرێمی کوردستان دووجار لە ئيسرائيل گەورەترە). ئەوەش هۆکارێکە کە ئيسرائيلييەکان و جووەکان بە سوپای ئيسرائيل دەڵێن سوپای بەرگری، بە فەرمی سوپای بەرگری لە ئيسرائيل. ناسناوی "سوپای ئيسرائيل بە ئەخلاقترين سوپای جيهانە" بەکاردەهێنن بۆ سوپاکەیان، هۆکارێکی ئەم ناسناوە، ئەوەیە ئەو سوپایە بەرگری لە جووەکان دەکات کە بە ئەخلاقترين و پيرۆزترين ئەرک دادەنرێت لایان.
ئەو دەوڵەتە بچووکە گۆڕانکارييەکی ڕيشەیی لە ژیان و فکر و رەفتار و مێژووی جووەکان درووست کرد. یەکێک لە بنەما سەرەکييەکانی زايۆنيزم و سيستەمی پەروەردەی ئيسرائيل ئەوەیە: ئيسرائيل تاکە گەرەنتييە بۆ ئەوەی جووەکان دووبارە نەگەرێنەوە بۆ سەردەمی هۆڵۆکۆست. ئێستا زۆرێک لە جووەکان دەڵێن جووی ئەمڕۆ جياوازە لە جووی سەردەمی هۆڵۆکۆست، ئێستا جووەکان ئيسرائيليان هەیە، کاتێک لێيان دەکووژرێت یان هێرشيان دەکرێتە سەر، نەک هەر وەڵام دەدەنەوە و توانای بەرگريان هەیە لە خۆیان، بەڵکو بەرانبەر وێران دەکەن. هەر بۆیە زوو زوو وەزير و سياسييەکانی ئيسرائيل دەڵێن هەر لایەنێک بيەوێت زیانمان لێ بدات با تەماشای غەززە بکات.
لە ٢٠١١ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئۆباما، نەتانياهۆ پێی دەڵێت "ئيسرائيل دواهەمين دەرەفەتە کە مێژوو بە جووەکانی داوە". بە پێی تێگەيشتنی جووەکان، پشتگيری ئەمريکا و رۆژئاوا، ئەو هەموو دەوڵەمەند و زانا و کەسایەتی و کۆمپانيا گەورانەی جيهان کە هی جووەکانە، هيچی گەرەنتی نين بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هۆڵۆکۆست، بەڵکو تەنيا دەوڵەتی ئيسرائيل گەرەنتييە.
پێش ئيسرائيل، جووەکان لە هەموو وڵاتێک کەمينە بوون، بە هۆی ئيسرائيلەوە بۆ یەکەمين جار لە وڵاتێکدا بوونە زۆرينە، ئەمە گۆڕانکارييەکی ڕيشەیی و قووڵ بوو لە مێژووی جووەکان.
ئەم تێڕوانينە بۆ ڕۆڵی دەوڵەت، دەبێت لای کورد ببێتە ئامانج و پلانی سەرەکی. دەوڵەت چەنێک پرسێکی سياسييە، دوو ئەوەندە پرس و پێويستييەکی مرۆیی و ئەخلاقیيە.